ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیل و لە ژێر پڕوپاگەندەی جەنگدا، کۆماری ئیسلامی ئێران تەنها لە مانگی 10 دا 166 کەسی لە سێدارە داوە، ئەمەش زۆرترین حاڵەتی لە سێدارەدانی مانگانەیە لەو وڵاتەدا لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا.
ڕێکخراوەکە وتی لە نێو ئەوانەدا کە لە سێدارە دراون 13 ئەفغانی و 6 ژن و هاووڵاتییەکی ئێرانی ئەڵمانیاییان تێدا بووە.
ڕێکخراوەکە هۆشداریش دەدات لەسەر ئەوەی کە ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامی ئێران سوود لە پەرەسەندنی ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران وەربگرێت بۆ زیادکردنی ژمارەی لە سێدارەدانەکان لە مانگەکانی داهاتوودا. هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات لە نزیکەوە چاودێری ئەم زیادبوونی لە سێدارەدانانە بکەن و وەڵامی بدەنەوە.
بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران مەحمود ئەمیری موقەدەم وتی " لە کاتێکدا کە سەرنجی جیهان لەسەر گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیلە، کۆماری ئیسلامی ئەم دەرفەتە بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی گەورەترین شەپۆلی لە سێدارەدانەکان لە زیندانەکانی ئێراندا کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەوشێوەیە نەبیندراوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندی دیبلۆماتییان هەیە لەگەڵ ئێراندا دەبێت ئەم هۆشدارییە بە جددیی وەربگرن و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵام بدەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە کاری دڕندانەی زیاتر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە."
لە مانگی 10 دا 166 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، شەش ژنیشییان تێدا بووە. 80 کەسی دیکە بە تۆمەتی کوشتن لە سێدارە دراون، 64 کەس بە تۆمەتی پەیوەست بە دەرمانی هۆشبەر و 12 کەس بە تۆمەتی " دوژمنانی خودا " و 9 هاووڵاتی کورد و 11 بالوچ لە سێدارە دراون.
هەروەها 13 هاووڵاتی ئەفغانیش لە سێدارە دراون.
جێی ئاماژەیە لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا لانیکەم 651 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، لە دوای دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان وەکو سەرۆکی ئێران و هەروەها زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسڕائیلەوە، ژمارەی لە سێدارەدانەکان زیادییان کردووە. تەنها لە مانگەکانی هەشت و نۆ و 10 دا لانیکەم 353 کەس لە سێدارە دراون.