Accessibility links

دایکی ئۆستن تایس هیوایەکی هەیە بۆ دۆزینەوەی کوڕەکەی لە کاتێکدا ئەمەریکاییەکی دیکە لە سوریا ئازاد دەکرێت


دێبرا تایسی دایکی ئۆستن تایس
دێبرا تایسی دایکی ئۆستن تایس

دایکی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی ئۆستن تایس، کە لە ماوەی کارەکەیدا لە مانگی هەشتی ساڵی 2022 دا لە سوریا دەستگیرکرا، ڕۆژی یەکشەممە وتی هیوایەکی هەیە لەسەر ئەوەی کە شۆڕشەکەی ناو سوریا دەبێتە هۆی ئازادی بۆ کوڕەکەی.

دێبرا تایس وتی هەواڵەکان لەسەر ئازادکردنی هاووڵاتییەکی میزوری تراڤیس تیمەرمان لە زیندانێکی سوریادا لەلایەن یاخیبووەکانەوە " وەکو ڕاهێنانێک بووە " بۆ ئەو. منداڵەکانی لە خەو خەبەرییان کردووەتەوە کاتێک وێنەی تیمەرمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرایەوە و دەیانوت کە وێنەکان تایسن.

لەسەر وێنەکان دەوترا کە ئەوە تایسە، بەڵام لە ڕاستیدا تیمەرمان بووە، دێبرا وتی ئەوە ساتێکی خۆشییە کە دەبێت هاوبەش بکرێت. تیمەرمان وتی پێشتر لەم ساڵدا بە گەشتێکی ڕۆحانی سەردانی سوریای کردووە و بە تۆمەتی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی هاتووەتە وڵاتەکەوە دەستگیرکراوە.

دێبرا وتی " ئەوە وەکو ڕاهێنانێک بوو، لەسەر ئەوەی هەستم چۆن دەبێت ئەگەر ئۆستن ئازاد بکرێت."

لە ئێستادا و دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دوای 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا، هەوڵێکی گەورە هەیە بۆ دۆزینەوەی تایس. دوای ڕووخانی ڕژێمەکە لەلایەن یاخیبووەکانەوە، هەزاران کەس لە زیندانەکانی دیمەشق ڕزگارکران.

هەفتەیەک دوای دوورخستنەوەی ئەسەد، هەندێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا لەوە دەترسن کە تایس لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییانەی ئیسڕائیلدا بۆ سەر سوریا کوژرابێت. بەرپرسەکان نیگەرانیشن لەسەر ئەوەی تایس لە زیندانێکی ژێرزەمینیدا زیندانی کرابێت، ڕەنگە خنکابێت لە زیندانەکەدا چونکە هێزەکانی ئەسەد پێش ئەوەی ئەسەد لە وڵاتەکە هەڵبێت کارەبای زۆرێک لە زیندانەکانییان لە دیمەشق کوژاندووەتەوە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا حکومەتی ئەمەریکا بیری لەوە کردووەتەوە خۆی لە سوریادا بە شوێن تایسدا بگەڕێت، دێبرا بە وریاییەوە قسەی کرد و سوپاسی هەوڵی ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانی دیکەی مەدەنی کرد لە سوریا کە دەگەڕێن بە دوای کوڕەکەیدا.

وتی " حکومەتی ئەمەریکا بڕیاریداوە کە نەچێتە ناو دیمەشقەوە. لەبەرئەوە ئەگەر ئەوان نەیانەوێت بچن کەواتە نابێت بچن. ئەو خەڵکانەشی کە لەوێن سوورن لەسەر دۆزینەوەی."

تایس کە وەکو ڕۆژنامەنووسێک بۆ واشنتن پۆست و مککلاچی کاری دەکرد، یەکێک بووە لە یەکەمین ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکاییەکان دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا بگاتە سوریا.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2012 دا، لە ماوەی شەڕێکدا لە حەلەب، دەستگیرکرا.

چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی ڤیدیۆیەک لە یوتیوب تایسی بە چاو و دەست بەستراوی پیشاندا. چەند چەکدارێک لە دەوری تایسن و وادەردەکەوێت ئەفغانی بن و هاوار دەکەن " خودا مەزنە." ئەوەش لە هەوڵێکی دیاردا بۆ لۆمەکردنی یاخیبووە ئیسلامییەکان لەسەر دەستگیرکردنی.

ڕۆژی هەینی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە تایس کە پێشتر سەربازێکی ئەمەریکایی بووە، لە ساڵی 2013 دا توانیویەتی لە زیندان هەڵبێت و لە شەقامەکانی گەڕەکی مەزەی دیمەشق ماڵ بە ماڵ گەڕاوە بۆ دۆزینەوەی شوێنێکی پارێزراو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG