ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی ئێلیزێ پـێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و لەوێ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەنجام دا.
بەپـێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو سەرۆک تاووتوێی کۆمەڵێک بابەت دەکەن، لەوانە چۆنیەتی برەودان بە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەرەنسا، وتووێژکردن لە بارەی بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناچەکە بە گشتی، پەتای کۆرۆنا و ئاکامەکانی ، مەترسیـیەکانی تێرۆرزم و ئەرکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، گرنگی هاوکاری و بەشداری هەموو لایەنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکایەتی فەرەنسا ڕاگەیاندنی فەرمیـیان لە بارەی کۆبوونەوەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تویتەرەکەی خۆشحاڵی خۆی بە کۆبوونەوەکە دەربڕی و سوپاسی فەرەنسای کرد بۆ هاوکاریـیە بەردەوامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان.