بەیتلەحمی شوێنی لە دایکبوونی عیسای مەسیح ڕۆژی یەکشەممە هاوشێوەی شارێکی چۆڵکراو دەبیندرا، لە کاتێکدا کە ئاهەنگەکانی کرسمس لە شارەکەدا بەهۆی جەنگەکەی ئیسڕائیل و حەماسەوە هەڵوەشێندرانەوە.
گڵۆپە درەوشاوەکان و داری کرسمس کە بەشێوەیەکی ئاسایی گۆڕەپانی مانگەری شارەکە دەڕازێننەوە، لە گۆڕەپانەکەدا نەبوون، هاوکات گەشتیارە بیانییەکانیشی لێنەبوو کە ساڵانە بەبۆنەی پشووەکانەوە لەوێ کۆدەبنەوە. دەیان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی فەلەستینییەکان چاودێری گۆڕەپانە چۆڵەکەیان دەکرد.
برا جۆن ڤین کە قەشەیەکی فرانسیسکانە و خەڵکی ڤییێتنامە و شەش ساڵە لە ئۆرشەلیم دەژی، وتی " ئەم ساڵ بەبێ داری کرسمس و گڵۆپەکان، تەنها تاریکی هەیە."
وتی هەمیشە بۆ کریسمس هاتووە بۆ بەیتلەحم، بەڵام ئەم ساڵ بە تایبەتی جێگەی سەرنج بووە، کاتێک سەیری دیمەنێکی کرد لە گۆڕەپانی مانگەر لەگەڵ عیسای ساوا کە بە کفنێکی سپی پێچراوەتەوە، ئەمەش سەدان منداڵی بیردەخاتەوە کە لە جەنگەکەی غەززەدا کوژراون. تەلی دڕکاوی دەوری دیمەنەکەی داوە.
عەلا سەلامە کە یەکێکە لە خاوەنەکانی ڕێستۆرانتی عەفتیم، کە لە گۆڕەپانەکەدایە، وتی " ناتوانین پاساو بهێنینەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بە شێوەیەکی ئاسایی و دانانی دارێک، لە کاتێکدا کە هەندێک کەس لە غەززە تەنانەت ماڵیشییان نییە بۆی بچن."
وتیشی بە شێوەیەکی ئاسایی ڕۆژی کرسمس قەرەباڵغترین ڕۆژە لە ساڵەکەدا. " هیچ کورسییەک نادۆزیتەوە لەسەری دانیشیت، لە بەیانییەوە جێگەمان نامێنێت هەتاوەکو نیوە شەو." ئەم ساڵ تەنها یەک مێز گیراوە، ئەوەش لەلایەن ئەو ڕۆژنامەنووسانەوە کە بەهۆی بارانەوە پشوو دەدەن. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا زیانێکی گەورەی ئابوورییان بەرکەوتووە.
هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکانی کرسمس لێدانێکی توندە لە ئابووری شارەکە. نزیکەی لە سەدا 70 ی داهاتی بەیتلەحم لە کەرتی گەشتیارییەوە سەرچاوەی گرتووە، زۆربەی ئەو ڕێژەیەش لە کاتی وەرزی کریسمسدایە.
لە کاتێکدا کە هێڵە ئاسمانییە گەورەکان گەشتەکانییان بۆ ئیسڕائیل هەڵوەشاندووەتەوە، بیانییەکی کەم سەردان دەکەن. بەرپرسانی ناوخۆ دەڵێن زیاتر لە 70 هۆتێل لە بەیتلەحم ناچار بوون دایبخەن، بەو هۆیەشەوە هەزاران کەس بێ کار ماونەتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا