سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یارمەتییەکی نوێی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند و یارمەتییەکان پێدانی چەک دەبێت بە ئۆکرانیا، بەهای چەکەکانیش دەگاتە یەک ملیار دۆلار. چەکەکانیش بریتین لە سیستمی موشەکی دژە کەشتی و موشەکی تۆپهاوێژ و هاویتزەر و تەقەمەنی.
لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا، سەرۆک بایدن وتی بە زێلێنسکی وتووە کە ئەمەریکا ئەو چەکانە دەدات بە ئۆکرانیا.
بایدن لە بەیاننامەیەکدا دوای پەیوەندییە تەلەفونییە 41 خولەکییەکەی لەگەڵ زێلێنسکیدا وتی " بە سەرۆک زێلێنسکیم ڕاگەیاند کە ئەمەریکا بە بڕی یەک ملیار دۆلاری دیکە پشتیوانی ئاسایش بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات، یارمەتیەکانیش بریتی دەبن لە تۆپهاوێژی زیاتر و سیستمی بەرگری موشەکی کەناراوەکان و تەقەمەنی بۆ تۆپهاوێژەکان و سیستمی پێشکەوتووی موشەکەکان."
سەرۆک بایدن یارمەتییەکی مرۆییشی بۆ گەلی ئۆکرانیا ڕاگەیاند کە بڕەکەی دەگاتە 225 ملیۆن دۆلار، یارمەتیەکەش بریتی دەبێت لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و پێداویستیە گرنگەکانی تەندروستی و خۆراک و پەناگە و پارە بۆ خێزانەکان تاوەکو پێداویستیەکانی خۆیانی پێبکڕن.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی یارمەتیە سەربازییە نوێیەکە 18 هاویتزەر و 36,000 فیشەکی هاویتزەرەکان لە خۆدەگرێت، دوو سیستمی موشەکی دژە کەشتی هاڕپۆن و موشەکی تۆپهاوێژ و ڕادیۆی پارێزراو و هەزاران دوربینی شەویش لەخۆدەگرێت، هاوکات پشتیوانی دارایی لە مەشقە سەربازییەکانیش دەکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز