Accessibility links

بایدن داواکان بۆ دەستبەرداربوون لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنەکان ڕەت دەکاتەوە


لە یەکەمین کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی خۆیدا دوای هەشت مانگ، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن زۆربەی کاتەکانی کۆنفرانسەکەی بە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەوە بەسەربرد کە سەبارەت بە زیادبوونی داواکان بوون لە نێو پارتی دیموکراتەکاندا بۆ دەستبەرداربوونی بایدن لە کاندیدبوونی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بایدن وتی لە مانگی دوودا " سێ پشکننی گرنگ و چڕی دەمارییم ئەنجام داوە. پێم دەڵێن باشم."

وتیشی ئەگەر هەر کامێک لە پزیشکەکانم " پێیان وابێت کە دەبێت پشکنینێکی دیکەی دەمار ئەنجام بدەم، ئەوا دەیکەم."

بایدنی تەمەن 81 ساڵ وتیشی بەساڵاچوون " تۆزێک لە ژیری دروست دەکات." سووریش بوو لەسەر ئەوەی دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ فشارەکاندا بکات لە خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیدا.

سەرۆک کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بەڵێنێکی کە لە ماوەی بانگەشەکانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا داوییەتی کە تێیدا بەڵێنیدا ببێت بە پردێک بۆ نەوەی گەنج لە دیموکراتەکاندا، وتی " ئەوەی گۆڕا مەترسی ئەو دۆخە بوو کە بۆ من مابووەوە، لە ڕووی ئابووریی و سیاسەتی دەرەوەمان و دووبەرەکییە ناوخۆییەکانیشمانەوە."

هەروەها وتیشی ئەگەر سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ جارێکی دیکە وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە ئەوا دیموکراسی لە ئەمەریکا پەکی دەکەوێت.

لە وەڵامی پرسیارەکانی دەیان ڕۆژنامەنووسدا، بایدن باسی لە دەستکەوتەکانی کرد لە چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ قەیرانە دەرەکییەکان و ئابووریدا. بەڵام ئەوەی کە لەسەر سەردێڕەکان دەمێنێتەوە وەڵامەکەی دەبێت بۆ گەورەترین قەیران کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی بووەتەوە، قەیرانەکەش لە نێو پارتەکەی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا لە کێبڕکێکەدا دەمێنێتەوە ئەگەر تیمەکەی داتایەکی بۆ بخەنە ڕوو لەسەر ئەوەی کامالا هاریسی جێگری دەرفەتێکی باشتری هەیە بۆ شکستهێنان بە دانۆڵد ترامپ، سەرۆک وتی بەردەوام دەبێت لە کێبڕکێکە هەتاوەکو ئەو کاتەی یاریدەدەرەکانی پێی دەڵێن " مەحاڵە تۆ سەربکەویت." دواتر وتی " هیچ ڕاپرسیییەک ئەوە ناڵێت."

ویلیام گالستن لە ناوەندی برووکینگز کە پێشتر جێگری یاریدەدەری سەرۆک بیڵ کلینتن بووە بۆ سیاسەتی ناوخۆ، بە دەنگی ئەمەریکای وت " پێم وایە ئەوە ڕۆژێک باش بوو بۆ بەڕێز بایدن، باشترین ڕۆژی بوو لە ماوەیەکی زۆردا. ئایا ئاڕاستەی جۆگەلەکە دەگۆڕێت، یان تەنها بەردێک دەبێت لە جۆگەلەکەدا کە تەنها شەپۆلی ئاوەکە دەجوڵێنێت و هیچ کاریگەرییەکی نیە لەسەر ئاڕاستەکەی؟ نازانم."

بایدن لە ماوەی کۆنفرانسە یەک کاتژمێرییەکەیدا چەند جارێک قسەکانی تێکەڵ کرد.

کامالا هاریسی جێگری کرد بە " جێگری سەرۆک ترامپ " پێش ئەوەی دووجار بڵێت سیناتۆری پێشووی کالیفۆرنیا دەکات بە جێگری خۆی چونکە هاریس ئامادەیە ببێت بە سەرۆک.

بایدن وتیشی " ئامۆژگاری لە فەرماندەی باڵا وەردەگرم." وەکو سەرۆک، بایدن خۆی فەرماندەی باڵایە. بەڵام وادیار بوو کە ئاماژە بە سەرۆک ئەرکانی گشتی بدات.

داواکان لە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاوە بۆ دەستبەرداربوونی بایدن لە کێبڕکێکە زیاتر بووە. ڕۆژی چوارشەممە ئەکتەری دیاری هاڵیوود جۆرج کلوونی بایدنی بە پاڵەوانی دیموکراسی ناوبرد ئەگەر دەستبەرداری کێبڕکێکەی بێت دژی دانۆڵد ترامپ بۆ سەرۆکایەتی.

بایدن لە 27 ی مانگی شەشدا مشتومڕێکی لەگەڵ دانۆڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکاندا کرد بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و لەو مشتومڕەدا چەندین جار قسەکانی لێ تێک دەچوو و شتی بیر دەچووەوە. دوای ئەو مشتومڕە، دیموکراتەکان هەوڵییان داوە بایدن دەستبەرداری کاندیدبوونەکەی ببێت، لایەنگرەکانیش مشتومڕەکەیان بە کارەسات ناوبردووە. کۆشکی سپی و بەرپرسانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی بایدن چەندین جار وتوویانە مشتومڕەکە " تەنها شەوێکی خراپ " بووە بۆ بایدن.

چەند کاتژمێرێک پێش کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، بایدن لە بۆنەیەکی هاوپەیمانێتی ناتۆدا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ناساند و بە ئامادەبووانی وت " بەڕێزان، ئەمەش سەرۆک پوتن."

بایدن کاتێک قسەکەی خۆی ڕاست دەکردەوە وتی " لە سەرۆک پوتن دەباتەوە، سەرۆک زێلێنسکی. من زۆر سەنگم خستووەتە سەر بردنەوە لە پوتن."

دوابەدوای تەواوبوونی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە، ئەندامێکی دیکەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس، جیم هایمس، کە ئەندامێکی باڵایە لە کۆمیتەی هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، دەنگی خستە پاڵ دەنگی ئەو کەسانەی کە نیگەرانن و متمانەیان بە توانای بایدن بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی نەماوە.

هایمس وتی " هەڵبژاردنەکانی 2024 داهاتووی دیموکراسی ئەمەریکا دیاری دەکات، ئێمەش دەبێت بەهێزترین کاندیدمان بخەینە پێشەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییەی کە ترامپ دروستی کردووە. من چیتر باوەڕ ناکەم ئەوە جۆو بایدن بێت."

دوای لێدوانەکەی هایمس، ئەندامێکی دیکەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس، سکۆت پیتەرس، بە هەمان شێوە داوای لە بایدن کرد لە کێبڕکێکە بێتە دەرەوە.

وتی " گرەوەکان زۆرن، ئێمەش لەسەر ئاڕاستەی دۆڕاندنین. ویژدانم پێم دەڵێت دەبێت قسە بکەم."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG