سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی و زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ئەنجامداوە و تاوتووێی چۆنیەتی هەنگاونان بەرەو پـێشەوەیان کردووە لە ژمارەیەک بابەتدا.
جۆو بایدن ئەمڕۆ دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ڕێبەرانی ناتۆ لە پرۆکسل، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەدرۆغان کۆبووەوە، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکە لەوەتای بایدن لە پـۆستی سەرۆکی وڵاتدایە.
سەرۆک بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی ئەمەریکا و تورکیا ئەجیندای گەورەیان هەیە وە تیمی هەردوو وڵات درێژە بە گفتوگۆکانیان دەدەن.
پـێشتر ئەدرۆغان گوتی وتووێژێکی ڕاشکاو و زۆر باشی لەگەڵ سەرۆک بایدن ئەنجامداوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هیچ کێشەیەک نیـیە لە نێوان تورکیا و ئەمەریکا نەتوانرێت تێپەڕبکرێت.
سەرۆک بایدن لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکەی باسیشی لە کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لە جنێڤ کرد کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەبچێت. گوتی لەو کۆبوونەوەیە هێڵە سوورەکانی خۆی بۆ پـوتن دەستنیشان دەکات.
گوتیشی ئەمەریکا نایەوێت بکەوێتە ناکۆکیـیەوە لەگەڵ ڕووسیا، بەڵام ئەگەربێت و ڕووسیا لە کارە خراپەکانی بەردەوامبێت ئەوا ئەمەریکاش وەڵام دەداتەوە.
دووپاتیشی کردەوە ئەمەریکا پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی ئوکرانیا دەکات و ناتۆش پشتیوانی لە یەکپارچەیی و سەروەری ئوکرانیا دەکات.