ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن مۆمێکی لە مەراسیمێکی ماتەمینی جووەکاندا داگیرساند بە مەبەستی یادی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هێرشەکانی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل، لە کاتێکدا کە بایدن و کامڵا هێرس داوای ئاشتییان کرد بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بایدن سەرکۆنەی هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 ی کرد بەڵام ڕەخنەشی گرت لەسەر کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە. لە مەراسیمێکی کورتدا لە کۆشکی سپی، جۆو بایدن و خانمی یەکەم جیڵ بایدن ساتێکی بە بێدەنگی وەستان و ڕابایەک نزایەکی کرد بۆ مردووەکان، پێش ئەوەی بایدن لە یادی ئەوانەدا کە کوژراون مۆمێک دابگیرسێنێت.
بایدن وتی " هاووڵاتییەکی زۆری سڤیل تاوەکو ئێستا لەم ساڵی شەڕەدا ناڵاندوویانە."
بایدن بە توندی باسی لە " دڕندەییەکەی " هێرشەکانی 7 ی مانگی 10 کرد و وتی لەگەڵ هێرسدا " بە تەواوەتی پابەندن " بە ئاسایشی ئیسڕائیلەوە دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، حەماس لە غەززە، حزبوڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن.
بەڵام 7 ی 10 ی بە " ڕۆژێکی ڕەشیش بۆ گەلی فەلەستینی " ناوبرد و وتی لەگەڵ هێرسدا " ناوەستن لە کارکردن بۆ بە دەستهێنانی ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە."
هێرس وتی " زۆر دڵگران بووە بە لە دەستدان و ئازاری گەلی ئیسڕائیلی "، بەڵام وتیشی " دڵی شکاوە بە زۆریی مەرگ و کاولکارییەکە لە غەززەدا."
بڕیارە دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و ڕکابەری هێرس، بەشداری لە بۆنەکانی ساڵڕۆژی هێرشەکانی حەماس بکات لە نیویۆرک و میامی.
چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسییان کوشت و 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت، هێشتا 100 کەسییان لە غەززە بە دەستبەسەرکراویی ماونەتەوە و سێیەکی ئەو ژمارەیەش باوەڕوایە مردبێتن.
لە وەڵامی ئەو هێرشەدا ئیسڕائیل دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە و وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت نزیکەی 42,000 فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە 97,000 کەسی دیکە برینداربوون. وەزارەتی تەندروستی غەززە نەیوتووە چەند کەس لەو ژمارەیەی کە کوژراون چەکدار بوون، بەڵام وتوویەتی نیوە زیاترییان ژن و منداڵ بوون.
خۆپیشاندانەکان دژی جەنگەکەی ئیسڕائیل لە غەززە لە نیویۆرک و چەندین شاری ئەمەریکا پێشبینی کراون. ڕۆژی شەممە پیاوێک لەبەردەم کۆشکی سپیدا قۆڵی خۆی سوتاند وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی جەنگەکە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس