جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا، یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی خۆی لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام دا و لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی سیاسی وتووێژی لەگەڵدا کرد.
جێن ساکی گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی سەرۆک بایدن پاش نیوەڕۆی سێشەممە پەیوەندی بە پـوتینەوە کرد و نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ژەهرخواردکردنی کەسایەتی ئۆپـۆزسیۆنی ڕووسیایی ئالێکسی ناڤاڵنی.
سەرۆک بایدن باسیشی لە پەیماننامەی نیوستارت کرد تاوەکو وتووێژی لەسەر بکەن و بۆ 5 ساڵی دیکە ماوەکەی درێژبکرێتەوە. ئەم پەیماننامەیە ئەگەر درێژنەکرێتەوە ئەوا لە سەرەتای ئەم مانگی دووە کۆتاییپـێدێت.
سەرۆکی ئەمەریکا پشتیوانی واشنتنی بۆ سەروەری ئۆکرانیا دووپاتکردووەتەوە لە بەرامبەر کارە دوژمنکاریـیەکانی ڕووسیا.
کرملێن لای خۆیەوە ڕایگەیاند پـوتن بە هاوتا ئەمەریکایـیەکەی گوتووە پشتیوانی لە "ئاساییکردنەوەی" پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتە و هەروەها جیهان بە گشتی.
سەرۆک بایدن لە میانەی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڵێنی دا سیاسەتێکی جیاواز لەوەی سەرۆک ترامپ بەرامبەر ڕووسیا بگرێتەبەر. گوتی ئەو لە بەرامبەر ڕەفتارەکانی مۆسکۆ بێ دەنگ نابێت و هەڵوێستی گونجاوی دەبێت.