Accessibility links

بەرێوبەرایەتی بایدن بۆ ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ کۆچبەران، دیواری زیاتر لەسەر سنوورەکانی ئەمەریکا دروست دەکات


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند بەشی زیاتر بۆ دیوارەکەی سەر سنووری ئەمەریکا دروست دەکات، ئەوەش لە پێناو دوورخستنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە مەکسیکەوە دەیانەوێت بە شێوەیەکی نایاسایی بپەڕنەوە بۆ ئەمەریکا، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی پلانێک کە پێشتر سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دایڕشتبوو.

ترامپ کاندیدی سەرەکی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و دژی بایدنی دیموکرات وەستاوەتەوە. دروستکردنی دیوارەکەی سەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک یەکێک بوو لە بەڵێن و دروشمە سەرەکییەکانی ترامپ لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی پێشوویدا، بە دروشمی " ئەو دیوارە دروست بکە."

یەکێک لە یەکەمین کارەکانی سەرۆک بایدن دوای ئەوەی لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دا وەکو سەرۆکی ئەمەریکا دەستبەکاربوو، دەرکردنی بەیاننامەیەک بوو کە تێیدا بەڵێنیدا "هیچ پارەیەکی باجدەرانی ئەمەریکا بەکارنەهێندرێت بۆ دروستکردنی دیواری سنوور "، هەروەها داوای کرد پێداچوونەوە بە هەموو ئەو سەرچاوانەدا بکرێت کە پێشتر بۆ دروستکردنی دیوارەکە بەکارهێندرابوون.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن وتی بڕیارەکەی بەڕێوبەرایەتییەکە بۆ دروستکردنی دیواری زیاتر لە بەیاننامەکەی بایدن لانادات چونکە ئەو پارەیەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ترامپدا لە ساڵی 2019 دا بۆی تەرخان کرابوو ئێستا بۆ ئەو هەمان ئەو پارەیە خەرج دەکرێت.

وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئەلیخاندرۆ مایۆرکاس لە بەیاننامەیەکدا وتی "بەڕێوبەرایەتییەکە هیچ سیاسەتێکی نوێی نیە سەبارەت بە دیوارەکانی سنوور. لە یەکەم ڕۆژەوە ئەم بەڕێوبەرایەتییە ڕوونی کردەوە کە دیواری سنوور وەڵام نیە."

مایۆرکاس وتی لە ماوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی پێشوودا پڕۆژەی دروستکردنەکە ڕێکخراوە و یاسای بۆ داندراوە. بەپێی یاساکە دەبێت حکومەت ئەو پارەیە بۆ دیوارەکە خەرج بکات، لە ماوەی ڕابردووشدا لەم ساڵدا ڕاگەیەندراوێک لەو بارەیەوە بڵاوکرایەوە. وتی " ئێمە چەندین جار داوامان لە کۆنگرێس کرد ئەم پارەیە پووچەڵ بکاتەوە بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کارەی نەکردووە و ئێمە ناچارین یاساکە پەیڕەو بکەین."

بەڵام ترامپ بە خێرایی بانگەشەی سەرکەوتنی کرد و داوای کرد داوای لێبووردنی لێبکەن.

ترامپ وتی "وەکو چەند جارێکیش وتوومە، هەزاران ساڵە تەنها دوو شت هەن کە بەردەوام سوودییان هەبووە، تایە و دیوارەکان! ئایا جۆو بایدن داوای لێبووردن لە من و لە ئەمەریکا دەکات لەسەر ئەوەی ئەو ماوە زۆرەیان پێچوو تاوەکو دەستپێبکەن..."

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی مەکسیک ئاندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر هەنگاوەکە بە " هەنگاوێک بۆ دواوە " ناوبرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG