Accessibility links

بایدن: تەنها خودا دەتوانێت ڕێگریم لێبکات بەشداری هەڵبژاردن نەکەم


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کە ماوەی پەنجا ساڵە لە سیاسەتدایە و لە ئێستاشدا بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەم ساڵدا، لە چاوپێککەوتنێکدا جەختی لەوە کردەوە کە زیرەکی مێشک و بەرگەگرتنی جەستەیی هەیە بۆ سەرکەوتن بەسەر سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا لە هەڵبژاردنەکاندا و سەرۆکایەتیکردنی وڵاتەکە بۆ چوار ساڵی دیکە.

بایدن لە چاوپێککەوتنێکی 22 خولەکیدا بە پێشکەشکاری کەناڵی ABC جۆرج ستێفانۆپۆلۆسی وت " من شیاوترین کەسم و دەزانم چۆن کارەکان ئەنجام بدەم." پێشتریش ڕۆژی هەینی لە گردبوونەوەیەکدا بە 300 لایەنگری لە ویلایەتی ویسکانسێن وت " لە کێبڕکێکەدا دەمێنمەوە."

هەندێک لە یاسادانەرەکانی دیموکراتەکان لە واشنتن بە شێوەیەکی تایبەت و ئاشکراش نیگەرانییان سەبارەت بە بایدن دەربڕیوە و دەڵێن بایدنی تەمەن 81 ساڵ چیتر ئەو توانای مێشک و جەستەیییەی نیە بتوانێت تەنانەت لەو چوار مانگەی کە ماوەتەوە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکان شکست بە ترامپ بهێنێت چ جا سەرۆکایەتیکردنی وڵاتەکە بۆ چوار ساڵی دیکە. بڕیارە هەڵبژاردنەکان لە 5 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچن.

بەڵام بایدن بە ستێفانۆپۆلۆسی وت " ئەگەر خودای مەزن بێتە خوارەوە و بڵێت ' جۆو وەرە دەرەوە لە کێبڕکێکەدا '، ئەوا لە کێبڕکێکە دێمە دەرەوە. بەڵام خودای مەزن نایەتە خوارەوە."

ترسی دیموکراتەکان دوای ئەوە زیاتر بوو کە بایدن لە مشتومڕەکەیدا لەگەڵ ترامپ سەری لێشوابوو و قسەکانی دەبڕی، هەندێک جار نەیدەزانی باسی چی دەکات و نەیدەتوانی بەردەوام هێرش بکاتە سەر ترامپ یاخود بەرگری لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بکات.

بایدن سەبارەت بەو مشتومڕە وتی " هیلاک بووم، هەستێکی زۆر ناخۆشم هەبوو، پەتایەکی خراپم هەبوو. ئەوە هەڵەی کەس نەبوو جگە لە خۆم. بەشێکی خراپی کارەکەم بوو."

بەڵام بایدن ڕۆژی هەینی وریاتر بوو کاتێک وەڵامی ستێفانۆپۆلۆسی دەدایەوە و زۆر دڵنیا بوو لە وەڵامەکانی و بە پەرۆشەوە بوو بۆ هێرشکردنە سەر ترامپ.

بایدن وتی " ترامپ نەخۆشی درۆ گوتنی هەیە. ئەو لە زگماگییەوە درۆزنە." بایدن لە زاری هەواڵەکانەوە وتی ترامپ لەو مشتومڕە 90 خولەکییەدا 28 درۆی کردووە.

ستێفانۆپۆلۆس وتی ترامپ ڕەتی کردووەتەوە چاوپێککەوتن لەگەڵ ABC دا بکات.

ستێفانۆپۆلۆس کە یەکێکە لە دیارترین ڕۆژنامەنووسەکانی ئەمەریکا، لە بایدنی پرسی کە ئایا هیچ کات پشکنینی دەمارەکانی مێشکی کردووە، بایدن لە وەڵامدا وتی " هەموو ڕۆژێک پشکنینێکی تەواویی دەمارەکانم بۆ دەکرێت " ئەوەش بەهۆی مامەڵەکردنمەوە لەگەڵ کێشە ناوخۆیی و جیهانییەکان.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا پشکنینی بۆ توانای مێشکی کردووە، سەرۆک وەڵامی دایەوە و وتی " هیچ کەس پێی نەوتووم کە پێویستە ئەو پشکنینە بکەم."

بەهۆی خراپی ئەدای بایدن لە دیبەیتەکاندا، چەندین ڕاپرسی دەریانخستووە کە ترامپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان، لە کێبڕکێیەکەدا پێشکەوتووە. دوای ئەوەی بایدن لە ساڵی 2020 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمە یەکەمجارە لە ساڵی 1956ەوە هەمان دوو کاندیدی گەورەی پارتەکە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بۆ جاری دووهەم ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.

بایدن مشتومڕی لەسەر قسەکانی ستیفانۆپۆلۆس کرد کە گوتی لە ڕاپرسییەکاندا دواکەوتووە و وتی "هەموو ئەو ڕاپرسییانەی کە قسەیان لەگەڵ دەکەم دەڵێن ئەوە شتێکی راست نییە."

بایدن لە گردبوونەوەکەیدا لە شاری مادیسۆن لە ویلایەتی ویسکانسێن لایەنگرانی دڵنیاکردەوە و وتی "من خۆم کاندید دەکەم، و جارێکی دیکە سەردەکەومەوە."

لە کاتێکدا جەماوەرەکە هاواریان دەکرد و هێماکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان دەجووڵاند، بایدن وتی "لە دانۆڵد ترامپم بردەوە و جارێکی تر لێی دەبەمەوە."

سێ ڕۆژنامەی گەورەی ئەمریکی بە ناوەکانی نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست و واڵ ستریت جۆرناڵ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاویانکردەوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاستی زیرەکی و وریایی بایدن کەمتر بووە و هەندێک لە بەرپرسانی ڕۆژئاواش ئاماژەیان بە دابەزینی ئاستی وریایی بایدن کردووە لە لوتکەی جی-7 لە ئیتاڵیا.

قسەکردن و تیژییەکەی بایدن لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ستیفانۆپۆلۆسدا بە دڵنیاییەوە شیکرایەوە، نەک تەنها لەلایەن ترامپ و یاریدەدەرەکانییەوە، بەڵکو لەلایەن دیموکراتەکانیشەوە.

زۆربەی دیموکراتەکان بە توندی پشتیوانیان لە بایدن و جێگرەکەی کەمالا هاریس کردووە، بەڵام هەندێکیان پێشنیاریان کردووە کە پارتەکە باشترە ئەگەر بایدن واز لە کاندیدبوونی بهێنێت و هاریس جێگەی ئەو وەک کاندیدی سەرۆکایەتی بگرێتەوە.

پارتی دیموکراتی نیشتمانی لە مانگی هەشتدا کۆنفرانسی چوار ساڵەی کاندیدکردنی خۆی بەڕێوەدەبات، ئەمەش کاتێکی کەمە بۆ پارتەکە بۆ ئەوەی لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتییەکەی خۆی یەکلایی بکاتەوە.

لانیکەم سێ دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی بایدنیان کردووە وەک کاندیدی سەرۆکایەتی، سێس مۆڵتۆن نوێنەری ویلایەتی ماساچۆسێت لە چاوپێکەوتنێکی ڕادیۆیی پێنجشەممەدا نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕی و لەگەڵ نوێنەرانی لۆید دۆگێت لە ویلایەتی تەکساس و ڕائول گریخالڤا لە ویلایەتی ئەریزۆنا داوای بەدیلێکیان بۆ بایدن کرد.

مۆڵتۆن لە لێدوانێکیدا وتی 'سەرۆک بایدن خزمەتێکی گەورەی بە وڵاتەکەمان کردووە، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە کە شوێنپێی دامەزرێنەرەکانمان کە جۆرج واشنتۆنە بگرێتە بەر و هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی سەرکردە نوێیەکان کارەکان بگرنە دەست و دژی دانۆلد ترامپ خۆیان کاندید بکەن."

هەروەها ماورا هیلی، پارێزگاری ویلایەتی ماساچۆسێت ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکی ورددا ڕایگەیاند ئێستا بایدن بڕیارێکی لەبەردەمدایە لەسەر ئەوەی "باشترین ڕێگە بۆ پێشەوە هەڵبژێرێت."

هیلی وتی "لە ڕۆژانی داهاتوودا داوای لێدەکەم گوێ لە گەلی ئەمەریکا بگرێت و بە وردی هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە ئایا ئەو بە باشترین بژاردەیە بۆ شکستپێهێنانی دانۆلد ترامپ یان نا سەرۆک بایدن هەر بڕیارێک بدات، من پابەندم بەوەی هەموو ئەو شتەی لە توانامدا بێت بۆ شکستپێهێنان بە ترامپ بیکەم."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG