Accessibility links

بایدن و شی جەخت لە گرنگی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕکابەرییەکەی نێوان ئەمەریکا و چین دەکەنەوە


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی جین پینگ جەختییان لە گرنگی پاراستنی گفتوگۆکان کردەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕکابەرییەکەی نێوان ئەمەریکا و چین، ئەمەش لە کۆبوونەوەیەکدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی هاریکاری ئابووری نێوان ئاسیا و پاسێفیک لە لیمای پایتەختی پیرۆ.

بایدن وتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین " گرنگترین پەیوەندین " لە جیهاندا، جەختی لە بەرپرسیارێتی دوو سەرۆکەکە کردەوە لەوەدا کە ڕێگە نەدەن ڕکابەرییەکەی نێوانییان ببێت بە ململانێ.

وتی " ئەم گفتوگۆیانە ڕێگری دەکەن لە بە هەڵە حسابکردن. لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا پێم وایە سەلماندوومانە کە ئەوە ڕێی تێدەچێت ئەم جۆرە پەیوەندییەت هەبێت."

سەرۆکی چین شی جینپینگیش هەمان بۆچوونی هەبوو، وتی دوو وڵاتەکە دەبێت " بەرژەوەندییەکانی هەموو جیهانییان لە یاد بێت و دڵنیایی و وزەی ئەرێنی زیاتر بخەنە جیهانە بە کێشەکەوە."

کۆشکی سپی تیشکی خستەسەر بەردەوامی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە لە چەندین بواردا، لەوانەش، ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و بوارە نوێیەکانی وەکو ڕێککەوتن لەسەر ژیری دەستکرد و پێویستییەکان بۆ پاراستنی کۆنتڕۆڵی مرۆڤ بەسەر بڕیاری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیدا.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان دوای کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێمە ئێستا بناغەیەک دروست دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین کاربکەین لەسەر کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەتۆم."

بەڵام لە ژێر ئەم لێدوانە ئەرێنییانەوە کۆمەڵێک کێشەی درێژخایەن هەن لە نێوان دوو وڵاتەکەدا. سۆلیڤان وتی بایدن هۆشداری داوەتە چین لەسەر " ڕۆڵی " چین لە هاککردنی دابینکەرانی ئەو هێڵە تایبەتانەی پەیوەندیدا کە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکا و بەرپرسانی کەمپینی هەڵبژاردنەکانەوە بەکارهێندراون، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەو دەرەنجامانەی کە بایدن خستوونییەتەڕوو.

سۆلیڤان وتی بایدن باسی لە پرسی زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی چین کردووە لە دەوروبەری تایوان و دەریای باشووری چیندا، هەروەها باسی لە پشتیوانییەکانی چین کردووە لە جەنگەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا و ڕەوانەکردنی سەرباز لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ یارمەتیدانی ڕووسیا، کە بایدن لەوبارەیەوە دەڵێت " پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە " بۆ ئەوروپا و نیمچە دوورگەی کۆریا.

بایدن لە ڕابردوودا شی بە " دیکتاتۆر " ناوبردووە، هاوکات شی ئەمەریکای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی " گەورەترین سەرچاوەی پشێوی " لە جیهاندا. بەڵام هەردوو سەرۆکەکە جەختییان لە گرنگی سەقامگیری کردووە، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووشدا بە شێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بوون لە بەڕێوەبردنی ڕکابەرییە ئاڵۆزەکەی نێوان دوو وڵاتەکەیان.

لە کۆبوونەوەکەی ساڵی ڕابردوویاندا، بایدن و شی ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکەی نێوانییان، بەشێکی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گرژییەکانی دەوروبەری تایوان و دەریای باشووری چیندا.

سۆلیڤان وتیشی بایدن جەختی لە نیگەرانییەکان کردووەتەوە لەسەر " کارە نادادپەروەر و نابازاڕییە ئابوورییەکانی چین کە زیان بە کرێکارانی ئەمەریکایی و کارەکان دەگەیەنن." بەڵام چەند کاتژمێرێک پێش کۆبوونەوەکە، شی لەبەردەم سەرکردەکانی ئاپیکدا خۆی بە داکۆکیکار لە " هەمەچەشنەیی و ئابوورییەکی کراوە " پیشاندا.

شی لە وتارەکەیدا داوای لە سەرکردەکان کرد " دیوارەکان بڕووخێنن کە لەبەردەم بازرگانی و وەبەرهێنان و تەکنەلۆجیا و خزمەتگوزارییەکاندان."

سەرچاوەی دیبلۆماتییە بیانییەکان کە نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکایان وت کە نیگەرانن لەوەی ئەمەریکا لە ژێر سەرۆکایەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا ببێتە پارێزەرخواز و گۆشەگیرخواز.

لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، ترامپ لە چەندین ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی کشایەوە، بە پەیماننامەی بازرگانی ئازادی هاوبەشی ترانس پاسێفیک و پەیماننامەی کەش و هەوای پاریسیشەوە. باجێکی زۆری گومرگی خستە سەر ئەو کەلوپەلانەی کە لە چینەوە دێنە ئەمەریکا، هەروەها فشارەکانی زیاتر کرد لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمەریکای وەکو ئەوروپا و ژاپۆنەوە.

لە ماوەی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 دا، ترامپ بەڵێنیدا بە ڕێژەی لە سەدا 60 باجی گومرگ بخاتە سەر سەرجەم ئەو شتومەکانەی کە لە چینەوە هاوردەی ئەمەریکا دەکرێن، هەروەها بە ڕێژەی لە سەدا 10 باجی گومرگ دەخاتە سەر ئەو شتومەکانەی کە لە وڵاتانی دیکەوە دێن.

سۆلیڤان لە وەڵامێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لەوە نەکرد بەڕێوبەرایەتییەکەی دواتر چی دەکات، وتی بایدن نیگەرانییەکانی ئەمەریکای دەربڕیوە سەبارەت بە چین لەسەر ئەو زیانانەی کە دەتوانێت بە ئابووری جیهانی بگەیەنێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG