Accessibility links

ئەمەریکا بە نیازە تاوتوێی ستراتیژی جەنگ لەگەڵ زێلێنسکیدا بکات و لەم مانگەدا پاکێجی یارمەتییەکان ئامادە بکات


ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە پەرۆشەوەیە لەم مانگەدا تاوتوێی ستراتیژی جەنگەکەی ئۆکرانیا بکات لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا و واشنتن کار لەسەر پاکێجێکی نوێی " گەورەی " یارمەتییەکان دەکات بۆ ئەو وڵاتە.

زێلێنسکی وتوویەتی کە دەیەوێت " پلانی سەرکەوتن " پێشکەشی بایدن و دوو بەربژێرەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات و پلانەکە دەتوانێت ڕووسیا ناچار بکات لە ڕێی دیبلۆماسییەوە کۆتایی بە جەنگەکەی بهێنێت لە ئۆکرانیا.

سۆلیڤان وتی " پێم وایە پێویستمان بە ستراتیژییەکی گشتگیرە بۆ سەرکەوتن لەم جەنگەدا و سەرۆک زێلێنسکیش دەڵێت ئەوە دەهێنێت لەگەڵ خۆیدا، لەبەرئەوە ئێمە زۆر بە پەرۆشەوەین بۆ دانیشتن و قسەکردن لەسەری و سەرۆک بایدنیش بە پەرۆشەوەیە بۆ ئەو گفتوگۆیە."

سۆلیڤان وتی ئەمەریکا ئامانجی ئامادەکردنی پاکێجێکی یارمەتی " گەورەیە " تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە کە توانای هەمەچەشن لە خۆدەگرێت.

هێزەکانی ڕووسیا چەند بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کۆنتڕۆڵ کردووە بە دەوروبەری ناوچەی پۆکرۆڤسکیشەوە کە سۆلیڤان وتی ئەوە " جێی نیگەرانییەکی تایبەتە."

گرتنی پۆکرۆڤسک کە ناوەندێکی گرنگی گواستنەوەیە دەتوانێت ڕێگە بە مۆسکۆ بدات هێڵی نوێی هێرشکردن بکاتەوە و ئەرکە لۆجیستیکییەکانی سوپای ئۆکرانیا ئاڵۆز بکات.

لە کاتێکدا کە لەم ساڵدا ڕووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی ئۆکرانیا زیاتر کرد، کیێڤ داوای چەکی مەودا دووری کردووە تاوەکو هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر ناو قووڵایی خاکی ڕووسیا.

سۆلیڤان وتی ئەو بابەتە " ڕاوێژییەکی زۆری " لەسەر دەکرێت لە نێو هاوپەیمان و هاوبەشەکاندا، وتیشی ئەو بابەتە یەکێک دەبێت لەو بابەتانەی کە بایدن و زێلێنسکی قسەی لەسەر دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG