Accessibility links

بلینکن: گفتوگۆکانی ئێستا ' ڕەنگە دوایین ' دەرفەت بن بۆ ئاگربەست لە غەززە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت پێشنیارەکەی ئێستای ئاگربەست لە غەززە ڕەنگە دوایین دەرفەت بێت بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان و کۆتایی هێنان بە شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس.

بلینکن وتی " ئەمە ساتێکی یەکلاکەرەوەیە، ڕەنگە باشترین و دوایین دەرفەت بێت بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست و ئەوەشی کە هەمووان بخەینە سەر ڕێگایەکی هەمیشەیی بۆ ئاشتی و ئاسایش."

بلینکن ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگدا کۆبووەوە و بڕیارە دواتر لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە یۆواڤ گالانتدا کۆببێتەوە.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە لە 7 ی مانگی 10 دا کە بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، ئەمە نۆهەمین جارە بلینکن سەردانی ناوچەکە بکات. هەفتەی ڕابردوو دانوستکارانی ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕ لە دەوحە کۆبوونەوە و نوێترین پێشنیارییان کرد بۆ ئاگربەست لە غەززەدا، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لە قاهیرە بەردەوام بن.

ڕۆژی دووشەممە پۆلیسی ئیسڕائیل وتی بە ماوەیەکی کورت دوای گەیشتنی بلینکن بۆ تەل ئەڤیڤ لە ڕۆژی یەکشەممەدا، بۆمبێک لە نزیک پەرستگایەک لە تەل ئەڤیڤ تەقیوەتەوە، ئەو کەسەی کە بۆمبەکەی پێبووە کوژراوە و پیادەیەکیش بریندار بووە. پۆلیس وتی تەقینەوەکە کردەوەیەکی تیرۆریستی بووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG