Accessibility links

بلینکن: ئیسڕائیل شکستی هێناوە لە پاراستنی زۆرترین هاووڵاتی سڤیلدا


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

ئەمەریکا کە گرنگترین پشتیوانیکارە لە ئیسڕائیل لە جەنگەکەدا دژی چەکدارانی حەماس، ڕۆژی یەکشەممە وتی سوپای ئیسڕائیل شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیدا بۆ پاراستنی زۆرترین هاووڵاتی سڤیلی فەلەستینی کە هەوڵ دەدەن لە دەست هیرشەکانی ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە هەڵبێن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە پڕۆگرامی State of the Union ی کەناڵی سی ئێن ئێن وتی " دەبێت هاووڵاتییانی سڤیل بپارێزرێن." وتی ئیسڕائیل کەموکورتی هەبووە لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیلدا لە کاتێکدا کە بەردەوامە لە هێرشەکەی دژی چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە.

بلینکن وتیشی " ئەوەی کە نایبینین نەهێشتنی کاتی ململانێیە بۆ ئەوەی بتوانرێت یارمەتی مرۆیی زیاتر بهێنرێتە ناو غەززەوە " و " هێڵە ڕوونەکانی سنووردانان " بۆ ئەو ناوچانەی کە ئیسڕائیل هێرشییان ناکاتە سەر تاوەکو هاووڵاتییانی سڤیل ڕوویان تێبکەن و پارێزراو بن تێیاندا.

وتی " پێمان وایە پێویستییەک هەیە بۆ هەوڵدانێکی زیاتر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، بۆ ئەوەی ئەو بۆشایەییە کە هەیە لە نێوان ئەوەی کە ئیسڕائیل بەڵێنیداوە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و واقیعەکە کە تێیدا هەزاران کەس کوژراون، تاوەکو بکرێت بچووکتر بێت."

بلینکن لە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا وتی " بۆشاییەک هەیە لە نێوان نیازەکانی ئیسڕائیل و ئەنجامەکانیدا."

وەزارەتی تەندروستی غەززە دەڵێت زیاتر لە 17,000 کەس کە زۆربەیان منداڵ و ژنن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە کوژراون، ئەمەش دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش دەڵێن بەهۆی ئەو هێرشانەوە نزیکەی 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون و نزیکەی 240 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. حەماس هێشتا 140 بارمتەی لەلاماوە.

بلینکن وتی " هەمووان دەیانەوێت جەنگەکە بە زووترین کات تەواو بێت." بەڵام ئەوە پەیوەستە بە ئیسڕائیلەوە بڕیار بدات کەی هێرشەکانی ڕابگرێت. وتیشی حەماسیش دەتوانێت هێرشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل ڕابگرێت و بارمتەکان ئازاد بکات.

بەڵام وتی " کاتێک هەڵمەتە سەربازییە گەورەکە کۆتایی دێت، ئەمە تەواو نابێت." ئاماژەی بەوەدا ئیسڕائیل هەرگیز لە ئاشتییەکی هەمیشەییدا نابێت هەتاوەکو " داواکارییەکانی فەلەستینییەکان جێبەجێ نەکرێن."

XS
SM
MD
LG