Accessibility links

بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێکەوە لە کەناڵی ئینگلیز 4 کەس گیانیان لە دەستداوە


بەرپرسان دەڵێن کۆپتەر و بەلەمەکانی فریاکەوتن ڕەوانەی کەناڵی ئینگلیز کراون لە دەرەوەی کەناراوەکانی کەنتی باشووری بەڕیتانیا بۆ ڕزگارکردنی بەلەمێک کە نوقمبووە و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لە دەستداوە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەدا حاڵەتی گیان لە دەستدانی بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەکەوە پشتڕاست کردەوە بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا. پێشبینی دەکرێت وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمان دواتر لە پەرلەمان قسە بکات.
حکومەتی بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوای ئەرکەکانی گەڕان و فریاکەوتن کە لەلایەن دەزگای دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکانی بەڕیتانیاوە ڕابەرایەتی دەکرا، بە داخەوە گیان لە دەستدانی چوار کەس بەهۆی ئەم ڕووداوەوە پشتڕاست کراوەتەوە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دواتر لە کاتی خۆیدا زانیاری زیاتر بڵاودەکەینەوە. ئەمە بەڕاستی ڕووداوێکی دڵتەزێنە."

ئەرکەکانی گەڕان و فریاکەوتنەکانی دەزگای دەریایی و پاسەوانی کەناراوەکانی بەڕیتانیا بە هەماهەنگی بووە لەگەڵ هێزی دەریایی وڵاتەکە و ئەفسەرانی سنوور و پۆلیسی کەنت و سوپای فەڕەنسادا.

خزمەتگوزاری فریاکەوتنی خێرای کەناری باشووری ڕۆژهەڵات وتی نزیکی کاتژمێر 3:40 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوخۆ یارمەتی ڕەوانە کردووە بۆ یارمەتیدانی پاسەوانی کەناراوەکان.

هەزاران کۆچبەر پشتیان بە بەلەمە بچووکەکان بەستووە بۆ پەڕینەوە بە کەناڵی ئینگلیز و گەیشتن بە بەڕیتانیا. حکومەتی بەڕیتانیاش لە ژێر فشاردا بووە بۆ ڕاگرتنی تۆڕەکانی قاچاخچییەکان کە خەڵکەکە پارەیان دەدەنێ تاوەکو بە بەلەمی بچووکی خراپ بەو کەناڵەدا تێپەڕن کە یەکێکە لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکان لە جیهاندا.

بەپێی داتاکانی حکومەتی بەڕیتانیا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە دەیانەوێت بە کەناڵەکەدا بپەڕنەوە لە زیادبووندایە. لەم ساڵدا نزیکەی 44,000 کەس بە کەناڵەکەدا پەڕیونەتەوە بۆ بەڕیتانیا.

ڕۆژی سێشەممە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک هەڵمەتێکی دژی کۆچی نایاسایی بۆ بەڕیتانیا ڕاگەیاند، هەروەها بەڵێنیدا ڕێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ڕێی کەناڵی ئینگلیزەوە دەگەنە بەڕیتانیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG