Accessibility links

کەنەدا بەڵێن دەدات تانکی زیاتر بدات بە ئۆکرانیا و سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت


سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ
سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ دەڵێت کەنەدا چوار تانکی لیۆپاردی 2 ی دیکە دەدات بە ئۆکرانیا و سزای نوێ بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت.

تاوەکو ئێستا کەنەدا بەڵێنیداوە 8 تانکی لیۆپاردی 2 بدات بە ئۆکرانیا. هەروەها ئوتومبێلێکی زریپۆش و زیاتر لە 5000 گولەی 155ملم دەدات بە ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتی بدات لە بەرگریکردن لە خۆی دژی ڕووسیا.

ترودۆ لە تۆرۆنتۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت سزا نوێیەکان 129 کەس و 63 لایەن دەگرنەوە، بە جێگری سەرۆک وەزیری ڕووسیا و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتەشەوە.

ترودۆ وتی سەرۆکی ڕووسیا " ڤلادیمیر پوتن لێکدانەوەیەکی زۆر هەڵەی کرد کاتێک داگیرکارییەکەی دەستپێکرد. ئۆکرانییەکانی بە کەم زانی، هەروەها هاودەنگی هاوڕێکانی ' ئۆکرانیای ' لە سەرانسەری جیهان بە کەم زانی، بەڵام ئەمڕۆ لە هەموو کات یەکگرتووتر و بەهێزترین."

کەنەدا هەناردەکردنی " چەند ماددەیەکی کیمیایی دیاریکراو کە لە ئەلیکترۆنیدا بەکاردەهێندرێن " بۆ ڕووسیا قەدەغە دەکات، هەروەها هاوردەکردن و کڕین یاخود وەرگرتنی چەکی ڕووسی و جۆرە چەکەکانی دیکە قەدەغە دەکات.

ترودۆ وتی تاوەکو ئێستا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، کەنەدا زیاتر لە 5 ملیار دۆلاری کەنەدی بۆ پشتیوانی ئۆکرانیا خەرج کردووە، هاوکات لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا کەنەدا مەشقی بە هەزاران سەربازی ئۆکرانی کردووە.

دەزگای هەواڵی تاس بڵاویکردەوە باڵیۆزی ڕووسیا لە کەنەدا ئۆلیگ ستێپانۆڤ دەڵێت سزاکانی کەنەدا و ڕۆژئاوا " بێ مانان."

دەزگاکە لە زاری ستێپانۆڤەوە بڵاویکردەوە " هاوڵاتیانمان کە لەو لیستەدان بە زەردەخەنەوە سەیری ئەو سزایانە دەکەن، ئەمە نیشانەیە لەسەر بێدەسەڵاتی کامپەکەی دژ بە ڕووسیا، کە ڕقی لە ڕووسیایە، بەڵام لەوە تێدەگات کە ناتوانرێت شکست بە ئێمە بهێندرێت."

لە ماوەی ڕابردوودا کەنەدا زیاتر لە 32 ملیۆن دۆلاری کەنەدی بۆ پشتیوانی دارایی لە پڕۆژەکانی پوچەڵکردنەوەی مین و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە کیمیایی و بایۆلۆجی و تیشک و ئەتۆمییەکان تەرخانکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG