Accessibility links

وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی ئۆکرانیا


وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو هاوڵاتیە ئۆکرانیانەی کە لەدەست هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان هەڵدێن، پۆڵەندا ناوەندی وەرگرتن لەسەر سنوورەکانی دادەنێت و هەنگاریا پلانی هەیە هێز ڕەوانە بکات بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێک بۆ پەنابەران.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشێک بوون لە پەیماننامەی وارشۆ بە ڕابەرایەتی مۆسکۆ، بەڵام ئێستا ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، لەوانەش پۆڵەندا و هەنگاریا و سلۆڤاکیا و ڕۆمانیا سەرجەمیشیان سنووری وشکانیان لەگەڵ ئۆکرانیادا هەیە.

پۆڵەندا داوای سەپاندنی " توندترین سزای کردووە بەسەر ڕووسیادا " و وەزیری دەرەوەی چیکیش وتی ئەم هێرشە " ڕەفتارێکی دڕندانەی دوژمنکارییە."

هەنگاریا کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتندا دروست کردووە، بە ئاشکرا سەرکۆنەی هێرشەکەی نەکرد، بەڵام وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە وتی " جەنگ خراپترین سیناریۆیە." جەختیشی لەوە کردەوە هەنگاریا بەتەواوەتی پشتیوانی لە سەروەری خاکی ئۆکرانیا دەکات.

دەزگای هەواڵ پاپ لە زاری جێگری وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا بڵاویکردەوە " لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ناوەندەکانی وەرگرتنی پەنابەرانی ئۆکرانیا دادەندرێت."

وتیشی لە قۆناغی یەکەمدا 8 ناوەندی لەو شێوەیە لەنزیک سنووری نێوان پۆڵەندا و ئۆکرانیا دادەندرێت، ئەوەش بۆ دابینکردنی خۆراک و یارمەتی تەندروستی و زانیاریی پەنابەرەکان.

هەنگاریاش وت هێز ڕەوانەی سنووری نێوان وڵاتەکە و ئۆکرانیا دەکات، ئەوەش بەمەبەستی هۆکاری ئەمنی و مرۆیی.

وتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا وتی ئەرکە دیبلۆماتیەکەی پۆڵەندا " تاوەکو بتواندرێت " بە کراوەیی دەمێنێتەوە لە ئۆکرانیا، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا داوای لە هاوڵاتیانی پۆڵەندا کرد ئۆکرانیا جێبهێڵن.

هەنگاریاش بە هەمان شێوە باڵیۆزخانەکەی لە ئۆکرانیا بە کراوەیی هێشتۆتەوە، بەڵام کۆماری چیک باڵیۆزخانەکەی داخستووە، بەڵام کونسوڵخانەکەی لە شاری لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا بەکراوەیی هێشتۆتەوە.

وەزیری بەرگری هەنگاریا تیبۆر بێنکۆ وتی " ئەگەر پێویست بێت دەبێت هەنگاریا خۆی بۆ وەرگرتنی هەزاران پەنابەر ئامادە بکات."

هاوکات سلۆڤاکیا ڕایگەیاند ئامادەیە یارمەتی پێشکەش بکات، وەزارەتی ناوخۆی سلۆڤاکیا وتی " دەتوانین ڕێگە بدەین ئەو هاوڵاتیانەش بێنە ناوەوە کە بەڵگەنامەی پێویستیان نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG