وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا بپارێزن، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا وێستگەیەکی ناوەکی ئۆکرانیانیان گرت و ئاگرێک کەوتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین وتی " چاودێری ڕەوشەکە دەکەین و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیان بگرن و وێستگە ناوەکییە پەیوەندیدارەکان بپارێزن."
چین ڕەتی کردۆتەوە سەرکۆنەی هێرشەکەی ڕووسیا بکات بۆ سەر ئۆکرانیا یاخود بە داگیرکاری ناودێری بکات. وانگ وتی چین " زۆر نیگەرانە " سەبارەت بە ڕەوشەکە.
وڵاتانی جیهان نیگەران بوون لە ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی ناوەکی لە وێستگەی ناوەکی زاپۆرزەیای ئۆکرانیا، بەڵام دواتر ئاگرەکەی وێستگەکە کۆنتڕۆڵ کرا. کۆمەڵێک وڵاتیش سەرکۆنەی ئەم هێرشەی ڕووسیایان کرد بۆ سەر وێستگەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز