Accessibility links

چین سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەر هاووڵاتییەکی ئەمەریکایدا دەسەپێنێت


دادگایەکی چین ڕایگەیاند هاووڵاتییەکی ئەمەریکی تەمەن 78 ساڵ کە هاوکات دانیشتووی هۆنگ کۆنگە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن لەلایەن دادگایەکی ڕۆژهەڵاتی چینەوە سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە.

دادگای سوژۆی گەل لە بەیاننامەیەکدا وتی دوای دادگاییکردنەکەی، جۆن شینگ وان لیونگ مافە سیاسییەکانیشی لێسەندراوەتەوە.

دادگاکە وتیشی لیونگ دانیشتوویەکی هۆنگ کۆنگە و هەڵگری پاسپۆڕتی ئەمەریکییە.

دادگاکە هیچ وردەکارییەکی لەسەر تۆمەتەکە نەدا، بەڵام وتی " دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی سوژۆ لە 15 ی مانگی چواری ساڵی 2021 ەوە لێکۆڵینەوەکانی لەسەر گومانی سیخوڕیکردن دەستپێکردووە."

وتەبێژی باڵیۆزی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا ئاگاداری دۆسییەکەیە، بەڵام بەهۆی لەبەرچاوگرتنی تایبەتییەوە لێدوانی زیاتری نەدا.

وتی " وەزارەتی دەرەوە هیچ ئەرکێکی مەزنتری نیە لە پاراستن و ئاسایشی هاوڵاتییانی ئەمەریکی لە دەرەوە."

سزاکە لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان چین و ئەمەریکادا دێت لەسەر کۆمەڵێک بابەت، لە تۆمەتەکانەوە سەبارەت بە سیخوڕیکردنی چین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە بۆ هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ بونیادنانی هاوپەیمانییەکی سەربازیی بۆ کەمکردنەوەی پەرۆشییەکانی چین بەرامبەر تایوان و ناوچەی پاسێفیک.

هەفتەی ڕابردوو ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان لەگەڵ دیبلۆماتکاری باڵای چین وانگ ییدا کۆبۆوە، مەبەست لە کۆبوونەوەکەش هەوڵدان بوو بۆ هێشتنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە بە کراوەیی و جێگیرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG