چین دەڵێت ئەگەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی سەردانی تایوان بکات ئەوا سوپای چین " بە بێدەنگی دانانیشێت."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ژاو لیژیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی بەهۆی پێگەی پیڵۆسییەوە وەکو " پلە سێی حکومەتی ئەمەریکا "، سەردانیکردنی تایوان کە چین بە خاکی خۆی دەزانێت دەبێتە هۆی " کەوتنەوەی کاریگەرییەکی سیاسی گەورە."
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی گەشتەکەی بۆ ئاسیا دەستپێکرد و سەرەتا سەردانی سینگاپووری کرد، ئەمەش لە نێوەندی ترس و نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری سەردانکردنی تایوان و توڕەبوونی چین.
لەنێوان مشتومڕی بەرفراوان لەسەر ئەوەی کە ئایا گەشت دەکات بۆ تایوان یان نا، نووسینگەی پیڵۆسی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە سەرکردایەتی شاندێکی کۆنگرێس دەکات بۆ ناوچەکە کە سەردانی سەنگافورە، مالیزیا، کۆریای باشوور و ژاپۆن لەخۆدەگرێت. باسی تایوان نەکراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز