دوای سێ ساڵ لە تێپەڕبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دوایین سەردانی بەرپرسانی چین بۆ تایوان، شاندێکی بەرپرسانی چین گەیشتنە تایوان، ئەوەش بە مەبەستی ئامادەبوون لە بۆنەیەکی کلتوریدا، لە کاتێکدا گرژییە سەربازییەکان لە تەنگەی تایوان لە زیادبووندان.
حکومەتی تایوان لەم هەفتەیەدا سەردانی شەش بەرپرسی چینی بۆ تایوان پەسەند کرد، شاندە چینییەکە لەلایەن لیو ژایدۆنگەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە جێگری سەرۆکی ئۆفیسی شەنگاهەیە بۆ کاروباری تایوان، مەبەست لە سەردانەکەش بەشداریکردنە لە فیستیڤاڵی لانتێرن لە تایپێی، ئەوەش لەسەر بانگهێشتی حکومەتی شارەکە.
لیو لە کاتی گەیشتنیدا لە فڕۆکەخانەی سۆنگشانی ناوەڕاستی شاری تایپێی وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی نەدایەوە. بەڵام نزیکەی دوانزە کەس لە لایەنگرانی سەربەخۆیی تایوان لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە ناڕەزاییان دەربڕی دژی سەردانەکە، هاوارییان دەکرد " تایوان و چین، دوو وڵاتی جیاواز." هەروەها دەیانوت " چینییەکان بڕۆنە دەرەوە." هاوکات کۆمەڵە کەسێکی دیکە کە لایەنگری چین بوون لەسەر شەقامی فڕۆکەخانەکە هاوارییان دەکرد بەخێربێن.
بەرپرسی ئۆفیسی لایەنگرانی سەربەخۆیی کۆماری تایوان چیلی چێن بە ڕۆیتەرزی گوت تایوانییەکان پێشوازییان لە میوانەکان کردووە، بەڵام نیگەرانن لەوەی ئەو بەرپرسانە بۆ ئەوە هاتبێتن کە سیاسەتەکانی چین بەسەر دوورگەکەدا بسەپێنن.
چێن گوتی " چین هەرچیەک دەکات لە خزمەتی سیاسەتەکەیدا دەیکات، ئامانجیشیان بێگومان بەرەیەکی یەکگرتووە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز