دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرنامەکانی ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی کۆلێرا زیاتر دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەیەکی نوێی کۆلێرا لە سوداندا، کە مەترسی دروستکردووە لەسەر خراپتربوونی کۆمەڵگەکان کە بە دەست برسێتی و کاریگەرییە خراپەکانی ململانێکەی ناو سودانەوە دەناڵێنن.
کریستین هامبرۆکی نوێنەری دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان دەڵێت بڵاوبوونەوەی کۆلێرا دوای چەندین هەفتە لە باران بارین و لافاو دووبارە سەریهەڵدایەوە.
هامبرۆک هۆشداریدا و وتی " مەترسییەکان زیاتر بوون بەهۆی بەردەوامی ململانێکە و هەلومەرجە سەختە مرۆییەکەوە، لەوانەش پڕبوونی کامپەکان و شوێنەکانی کۆبوونەوە بۆ پەنابەران و ئەو سودانییانەی کە بەهۆی جەنگەکەوە ئاوارە بوون."
هەروەها نیگەرانی دەربڕی بە تایبەتی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکە بەو ناوچانەدا کە پەنابەرانی تێدایە، بە تایبەتی لە ویلایەتەکانی کاسالا و گیدەریف و ئەل جەزیرە.
وتی " لەگەڵ میوانداریکردنی پەنابەرانی وڵاتانی دیکە، ئەم ویلایەتانە پەناگەی ملیۆنان ئاوارەی سودانین کە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە هەڵاتوون و هەوڵی دۆزینەوەی پەناگەیەکییان داوە."
نەتەوە یەکگرتووەکان سودان بە گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون دادەنێت لە جیهاندا. دوایین ئامار ئاماژە بەوە دەدات زیاتر لە 10.7 ملیۆن لە ناو سوداندا ئاوارە بوون، دوو ملیۆن کەسی دیکەش وەکو پەنابەر هەڵاتوون بۆ وڵاتانی دراوسێ.
هەروەها دەڵێت سودان لەگەڵ ئەوەشدا میوانداری دەیان هەزاران پەنابەری کردووە کە لە وڵاتەکانی وەکو ئیسیوپیا و ئیریتریاوە هەڵاتوون.
لە کاسالا 473 حاڵەتی توشبوون بە کۆلێرا تۆمار کراوە، گیدەرف 110 حاڵەت و لە ئەل جەزیرەش 51 حاڵەت تۆمار کراون. لە ویلایەتەکانی خەڕتووم و ڕووباری نیلیش حاڵەتی کەمتر تۆمار کراون.
پزیشک شیبل سەهبانی نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهان لە سودان دەڵێت دۆخەکە لە کاسالا زۆر جێی نیگەرانییە. وتی سیستمی تەندروستی لەوێ لە ژێر فشاردایە بەهۆی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان و ئەو پەنابەرانەوە کە لەوێ دەژین. " لەبەر ئەوەی ڕەنگە سیستمی تەندروستی نەتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ لێشاوی دیکەی پەنابەران و ئاوارەکاندا."
جگە لە مەترسییەکانی کۆلێرا، نوێنەری یونسێف هامبرۆک هۆشداریشیدا لەسەر زیادبوونی حاڵەتەکانی مەلاریا و سکچوون، ئەوەش پێویستە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
وتی " کۆتوبەندەکان لەسەر دەستڕاگەیشتنی مرۆیی کاردەکەنە سەر هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان. توندوتیژی و نەبوونی ئاسایش و باران بارینە بەردەوامەکە کۆسپییان خستووەتە بەردەم گواستنەوەی یارمەتییە مرۆییەکان."
وتی زیاتر لە 7.4 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە کە لە ڕووباری نیل و دارفور و کۆردۆفان دەژین لە ئێستادا " بەبێ دەرمانە گرنگ و یارمەتییە گرنگەکان " ماونەتەوە، ئەوەش بەهۆی دواکەوتنی باری یارمەتییە مرۆییەکانەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا