Accessibility links

دەستگیرکردنی پـزیشکێک لە عێراق لەسەر لێدوانی نازانستی لە بارەی نەخۆشی کۆرۆناوە


پاش ئەوەی هێزێکی ئاسایشی عێراق لە بەغدا دکتۆر حامد ئەللامی دەستگیرکرد، بە تۆمەتی لێدوانی نازانستی لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڤاکسینەکەی، خێڵی ئەللام ناڕەزایی خۆیان دەربڕی.

ژمارەیەک لە ڕێش‌سپـیان و کەسایەتی خێڵی بەنی لام ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەردەمی سەندیکای پـزیشکان لە بەغدا گردبوونەوە و داوای ئازادکردنی دکتۆر حامد ئەللامی‌یان کرد.

دکتۆر جاسم ئەلعەزاوی نەقیبی سەندیکای پـزیشکانی عێراق بە کەناڵی ئەلحوڕڕەی گوت پـێشتر چەند جارێک ئەو پـزیشکەیان ئاگادارکردووەتەوە وازبهێنێت لە لێدوانی نازانستی، بەڵام هەوڵەکانیان سوودی نەبووە. گوتیشی لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی دوو سکاڵا لە دژی دکتۆر حامد ئەللامی‌ تۆمارکراوە.

پـێشتر ناوی ئەم پـزیشکە لە لیستی پـزیشکانی سەندیکای پـزیشکانی عێراق سڕایەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی بەغدا لە کارەکەی دەرکرا، ئەمەش وەهای لێکرد لەسەر فەیسبوکەکەی ڤیدیۆیەک بڵاوبکاتەوە کە تیایدا هێرشی توندی کردووەتە سەر حکومەت و وەزارەت و پـزیشکانیش و بە گەندەڵ ناودێریان دەکات.

دکتۆر حامد ئەللامی لە چەند لێدوانێکیدا کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوکراونەتەوە گوتویەتی بەستنی ماسک باش نیـیە و ڤاکسینی دژی کۆرۆنا خراپە، ئەمەش ناڕەزایـیەکی زۆری کەرتی تەندروستی عێراقی لێکەوتووەتەوە و چەندین پـزیشک ڕەخنەی توندیان لێگرتووە.

دکتۆر زیاد تاریق دەڵێت مەترسی لێدوانەکانی ئەم کەسە لەوەدایە پـزیشکە و ئەمەش وەها لە خەڵکی دەکات بڕوای پـێبکەن بە تایبەتی ئەو خەڵکەی ئاستێکی خوێندەواری کەمی هەیە.

چەند ڕۆژێک بەر لە دەستگیرکردنی ئەم پـزیشکە، پـۆلیسی عێراق لە شاری سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەننا کەسێکیان بە ناوی عەلی ئەلموالی دەستگیرکرد بە تۆمەتی فرۆشتنی کۆمەڵێک گیراوەی ڕووەکی، گوایە چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا دەکات.

بەپـێی ئامارە فەرمیـیەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 150 هەزار کەس لە عێراق تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون و 16 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG