هەرەچەندە زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی کۆرۆنا هەتا ئێستا لە چین تۆمارکراون، بەڵام وڵاتی ئیتالیا بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی گەورترین ڕێژەی حاڵەتی تووشبوونی لێتۆمارکراوە.
بەپـێی دوایـین ئامار هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە 31506 کەس تووشبوون، واتە لە هەموو یەک ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە 521 کەسیان تووشبوون، لە نێو تووشبووەکان 2503 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 2060 کەسیان باری تەندروستیان خراپە و 2941 کەسیان چاکبوونەتەوە.
سەڵاح کۆنەپـۆشی کە هاوڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ئیتالیایە لەم بارەیەوە دەڵێت سەرەتا حکومەتی ئیتالیا ئەم نەخۆشی کۆرۆنایەی بە مەترسی وەرنەگرتبوو، بۆیە فڕۆکەخانەکانی بە کراوەیی هێشتبووەوە و ڕێگەی بە هاتنی گەشتیاران دا، ئەمەش وەهای کرد نەخۆشیـیەکە بە وڵاتەکەدا بڵاوببێتەوە.
دەشڵێت، بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە حکومەت بڕیاری داوە هاوڵاتیان لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرێ.
دەقی وتووێژەکە لەم فایلە دەنگیـیەی خوارەوەیە.