دکتۆر ئالان فتوحی دانیشتووی وڵاتی سوید و پسپۆر لە بواری شێرپەنجە و دەرمان، ئاماژە بە رێنمایی زۆر دەکات بۆ چۆنیەتی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا. هۆشداری ئەوەش دەدات کە هیچ دەرمانێک کاریگەری نیـيە بۆ سەر تووشبووانی ڤایرۆسەکە. پێشی وایە باشترین کار بۆ خۆپاراستن، پاکوخاوێنیـیە و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی و خۆ دوورخستنەوە لە تەوقەکردن و باوەش بەیەکترداکردن.
ئەم پـزیشکە کە خەڵکی مهابادی کوردستانی ئێرانە و لە سوید دەژی، بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و زۆربوونی رێژەی گیان لەدەستدان بەهۆی ئەم نەخۆشیـيە لەو وڵاتە، دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمتەرخەمی دەسەڵاتدارانی ئێران.
لەو بارەیەوە دەڵێت "هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە لە چین، دەسەڵاتدارانی ئێران گەشتی راستەوخۆیان بۆ چین کردەوە، لە بری دایبخەن،بە پێچەوانەی وڵاتانی دنیا کە گەشتەکانیان راگرت. دەشپرسێ" داخۆ چەند کەس هەبن چووبنە چین و گەڕابنەوە ئێران و هەڵگری ڤایرۆسەکەبن؟"
ئەم پزیشکە باس لە مەترسی ڤایرۆسەکە دەکات، دەشڵێت "مەترسی ئەم ڤایرۆسە ئەوەیە کە هەڵگری ڤایرۆسەکە مەرج نییە نیشانەکانی لەسەر دەربکەون، وەهاش دەگوێزرێتەوە بۆ کەسی دیکە، هەروەها هەندێک لێدوانی پەرپرسانی ئێران کە هیچ بەهایەکی تەندروستیان نییە، رەنگە کاریگەری خراپی بەسەر خەڵکەوە هەبێت، وەها بکات خەڵک شوێن رێنماییەکانیان بکەون."
لە بەرنامەی روانگە سەرەڕای وتووێژەکەی دکتۆر ئالان فتوحی. هەردوو پەیامنێری دەنگی ئەمریکا رێباز مەجید لە سلێمانی و دڵشاد ئەنوەر لە کەرکوک بەشداریان لە بەرنامەی روانگەدا کردووە، سەبارەت بە دوا پـێشهاتەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەرکوک و شارەکانی هەرێمی کوردستان.