بەهۆی بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنەوە دووبارە حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خانەکانی بەساڵاچووانی ئەمەریکا زیاد دەبێتەوە، بە هەمان شێوە حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە زیادبووندایە. ئەمەش بووەتە هۆی سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر سەردانی خێزانەکان و داواش دەکرێت خەڵکی زیاتر لە خانە بەساڵاچووەکان و کارمەندەکانیان ڤاکسین وەربگرن.
خانەی بەساڵاچووان ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و داخرابوون، ئەمەش بەر لەوەی ڤاکسینەکان بەردەست بن. بەڵام جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە دووبارە حاڵەتەکانی لەو شوێنانەدا زیادکردۆتەوە.
بەپێی ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشیە گواستراوەکانی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا نزیکەی 32,000 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو دانیشتوانی خانە بەساڵاچووەکاندا تۆمارکراون، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە و حەوت هێندەی مانگی ڕابردوو زیاترە.
هەروەها لە هەمان هەفتەدا 645 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە خانەکانی بەساڵاچوواندا تۆمارکراوە، ئەمەش لە سەدا 47 زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی ڕابردوودا. ترس و نیگەرانیش هەن سەبارەت بەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەر لە کۆتایی هاتنی ئۆمیکرۆن زیاتر ببێت.
سەرەڕای زیادبوونی ژمارەکان، ڕەوشەکە هێندەی مانگی دوانزەی ساڵی 2020 خراپ نیە، لەکاتێکدا حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لە تەنها هەفتەیەکدا 6,200 حاڵەتی تێدەپەڕاند. شارەزایان دەڵێن بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەساڵاچووان لە خانەکاندا ڤاکسینیان وەرگرتووە ئەو ژمارەیە کەم بۆتەوە، نزیکەی لەسەدا 87 ی بەساڵاچووان بەتەواوەتی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
بەرپرسانی خانەکانی بەساڵاچووان دەڵێن لەڕێی سنووردارکردنی سەردانەکان و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتیەوە ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس