Accessibility links

ڕێکخراوی CPJ داوای ئازادکردنی شێروان شێروانی و گوهدار زێباری دەکات


شێروان شێروانی
شێروان شێروانی

ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە لە بارەی بڕیاری دادگای هەولێر بۆ زیندانیکردنی شێروان شێراوانی و گوهدار زێباری.

ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا دەڵێت" ئەو حوکمەی ئەمڕۆ بەسەر هەردوو ڕۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی و گوهدار زێباری دراوە نەک تەنیا نەگونجاو و نادەدپەروەرانەیە، بەڵکو دەشیسەلمێنێت حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق وازی لەوەش هێناوە خۆی پـیشان بدات کە گرنگی بە ئازادی ڕۆژنامەگەری دەدات."

دیلگادۆ دەشڵێت دەبێت دەسەڵاتدارانی کوردی باکوری عێراق دەستبەجێ ئەم دوو ڕۆژنامەوانە ئازادبکەن و تۆمەتەکانیان لەسەر لابەرن، و هەروەها وازبهێنن لە هەراسانکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

دادگای تاوانەکانی هەولێر بڕیار سزای 6 ساڵ زیندانی بۆ هەردوو ڕۆژنامەوانی دەرکرد بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان".

محەمەد عەبدوڵڵا، پارێزەری شێروان شێروانی بە ڕێکخراوەکەی گوتووە ئەو بەڵگانەی شێروانی پێ تۆمەتبارکراوە بەس نین و هیچ بنەمایەکیان نیـیە.

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری گشتی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی، ئەویش بە ڕێکخراوی CPJ گوتووە داوایانکردووە لە دادگای پـیاداچوونەوە سزاکان کەمبکرێنەوە.

شێروان شێروانی لە مانگی دەی ساڵی 2020 لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا.

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە 10 ی مانگی دوو، ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانەی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستگیرکرابوون، بە سیخوڕی تۆمەتباری کردن.

ڕێکخراوەکە دەڵێت هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیاندنە دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی نەداوەتەوە.

XS
SM
MD
LG