Accessibility links

ڕووسیا ئۆکرانیا بە بەرپرس دادەنێت لە ئاگرکەوتنەوە گەورەکەی عەمبارێکی سوتەمەنی لە کرایمیا


بەهۆی هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیاوە عەمبارێکی سوتەمەنی لە بەندەری سیڤاستۆپۆلی کرایمیا گڕی تێبەربوو، ئەمەش لە نوێترین هێرشدا بۆ سەر نیمچە دوورگەی کرایمیای ئۆکرانیا کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 دا لکاندی بە ڕووسیاوە.

فەرمانڕەوای شارەکە کە ڕووسیا دایناوە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئۆکرانیا و دواتر وتی ئاگرەکە پێش ئەوەی کارەساتی لێبکەوێتەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

دەزگای هەواڵی ئاڕ بی سی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە بەرپرسێکی هەواڵگری سوپای ئۆکرانیا دەڵێت 10 تانک لە بەرهەمە نەوتییەکان کە نزیکەی 40,000 تەن بووە و کەشتیگەلی ڕووسیا لە دەریای ڕەش ویستوویەتی بەکاریبهێنێت، لەناوبراوە.

هێرشەکە لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشە پێچەوانەکەی کە ماوەیەکی زۆرە بەڵێنیداوە ئەنجامی بدات بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی وڵاتەکە.

ئۆکرانیا دەڵێت کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم ناوچە یاساییەکانی خۆی، بە کرایمیاشەوە، مەرجی سەرەکییە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی.

مۆسکۆ کیێڤی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵێک لە هێرشی ئاسمانی و دەریایی بۆ سەر کرایمیا.

فەرمانڕەوای سیڤاستۆپۆل میخایل ڕازڤۆژایڤ وتی تەنها یەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە عەمبارەکانی داوە.

وتیشی " وەکو هەمیشە دوژمن ویستوویەتی لە ناکاو هێرش بکاتە سەر سیڤاستۆپۆل، هێرشەکەی بە دزییەوە لە بەیانیدا کردووە." وتیشی " تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ڕووسیا پیشانیاندا چۆن ئاگرێکی گەورە بکوژێننەوە و ڕێگری لە کەوتنەوەی کارەساتێک بگرن."

ئۆکرانیا موشەکی مەودا دووری نیە تاوەکو بگاتە لە ئامانجەکانی ناو سیڤاستۆپۆل بدات، بەڵام هەوڵیداوە پەرە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بدات تاوەکو زاڵ ببێت بەسەر ئەو بەربەستەدا.

بەرپرسانی ئۆکرانیا زۆرجار بەرپرسیارێتی ئەو تەقینەوانە ڕاناگەیەنن کە لە شوێنە سەربازییەکانی کرایمیادا ڕوودەدەن.

بەرپرسی سەربازی ئۆکرانیا ئاندرێی یوسۆڤ نەیوت ئۆکرانیا هێرشەکەی ئەنجام داوە، بەڵام لە جیاتی ئەوە بە دەزگای هەواڵی ئاڕ بی سی وت " ئەوە سزای خودا " بووە بۆ ئەو هێرشەی ڕۆژی هەینی ڕووسیا بۆ سەر شاری ئومانی ئۆکرانیا کە بووە هۆی کوژرانی 23 کەس.

وتیشی " سزاکە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام دەبێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا، باشترە سەرجەم دانیشتوانی کرایمیای داگیرکراو بە شێوەیەکی کاتی لە نزیک شوێنە سەربازییەکان و ئەو شوێنانە نەبن کە کەلوپەل بۆ سوپا دوژمنکارەکە دابین دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG