Accessibility links

دوای ڕاگرتنی بۆ 12 ساڵ، گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ بۆ حاجییانی سوریا دەستپێدەکاتەوە


بەرپرسێکی سوریا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکان لە سوریاوە بۆ سعودیە بۆ حاجییانی سوریا ڕۆژی سێشەممە دەستییان پێکردەوە، ئەمەش کۆتایی بە پەراوزخستنی سوریا هێنا بۆ ماوەی 12 ساڵ لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە لە ساڵی 2011 دا.

ئەم هەنگاوە دوابەدوای هەوڵەکانی نێوان دوو وڵاتەکە دێت بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانییان کە ساڵی ڕابردوو ئاساییان کردەوە.

بەرپرسی وەزارەتی گواستنەوەی سوریا سولەیمان خەلیل وتی گەشتێکی ئاسمانی بە 270 حاجی سوریاییەوە دیمەشقییان جێهێشتووە بەرەو جەددە و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا گەشتی ئاسمانی زیاتر هەبێت.

خەلیل وتی " ئەوە یەکەمین گەشتی ئاسمانی بووە لە نێوان دوو وڵاتەکەدا لە دوای ئەوەی لە ساڵی 2012 دا گەشتەکان ڕاگیران."

وتیشی " بڕیارەکە تەنها بۆ ماوەی حەج دەبێت. تاوتوێی دووبارە کردنەوەی ڕێڕەوێکی ئاسمانی ڕاستەوخۆ دەکەین."

لە مانگی پێنجی ساڵی 2023 دا سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دوای 13 ساڵ بۆ یەکەمین جار ئامادەی کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی بوو لە سعودیە، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵدا ئاسایی کردەوە و ڕێگەی بە وڵاتەکەدا بگەڕێتەوە ناو جیهانی عەرەبی.

لە کاتێکدا کە سعودیە پێشەنگ بوو لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا، بەڵام هێشتا پڕۆسەکە خاوە.

ڕۆژی یەکشەممە سعودیە باڵیۆزی نوێی خۆی بۆ دیمەشق دەستنیشان کرد، دوای زیاتر لە ساڵێک لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG