خەڵکی بەشێک لە شاری سنە لە گەڵ گرفتی ئاوی خواردنەوە ڕووبەڕوون. هەروەها نەپاراستنی پاک و خاوێنی شار کارتێکردن لە سەر تەندروستی خەڵک دادەنێت.
لە وتووێژێک لە گەڵ دەنگی ئەمەریکادا، ئارێز داراپوور، چالاکی سیاسی لە ئاڵمان کە خۆی خەڵکی شاری سنەیە و دەڵێت گرفتی کەمی ئاو دەگەڕیتەوە دەوروبەری ٥٠ ساڵ لەمەوپێش.
داراپور دەڵێت، لە سەردەمی شادا، پێش شۆڕشی ١٩٧٩ی زاینی لە ئێران، حکومەت هەوڵی دا ئەو بەنداوەی ئێستا بە ناوی "قشڵاق" دروست بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکەکە هەم بۆ کشتوکاڵ و هەم بۆ ئاوی خواردنەوە گرفتیان چارەسەر بێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە وەتای هاتنە سەر کاری هەر خەریکی پیلان گێڕی، شەڕکردن لە گەڵ خەڵک و بۆمبارانی شار بووە و پێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی خەڵکی کردووە بە بابەتێکی 'ئەمنیەتی'.
داراپوور جەخت دەکاتەوە لەوەی مردارەوەبوونی ئاژەڵ و پەڵەوەر و باڵندە لە نێو بەنداوەکەدا، بۆتە هۆی ئەوەی ڤایرووسی تێدا دروستبێت و خەڵک بە خواردنەوەی ئەو جۆرە ئاوە بە تایبەتی تووشی نەخۆشی گورچیلە بوون. ئەمەش هۆیەکەی دەگەڕیتەوە سەر ئەوە کە ئەو بەنداوە، وەک ئارێز داراپوور دەڵێت "ساڵانێکی زۆرە بە شێوەی زانستی خاوێن نەکراوەتەوە."