هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان خستووەتە خوارەوە کە هێزەکانی ئەمەریکایان لە باشووری سوریا کردووەتە ئامانج. ئەمەش لە نوێترین زنجیرەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەمەریکاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پات ڕایدەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێزەکانی سەر بە ئێران ڕۆژی دووشەممە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان ئاڕاستەی خاڵی سەربازیی ئەل تەنف کردووە و لەلایەن سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکاوە خراونەتە خوارەوە. هیچ زیانێکی گیانیشی لێنەکەوتووەتەوە.
ڕایدەر وتی " دەزانین ئەم گروپانە ئەو گروپانەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت. لە کۆتاییدا لێپێچینەوە لە ئێران دەکەین."
بە هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممەوە، تاوەکو ئێستا لە ماوەی یەک هەفتەدا پێنج هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یاخود ڕۆکێت ئاڕاستەی هێزەکانی ئەمەریکا کراون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەندێک لە هێرشەکان زیانێکی گیانی کەمییان لێکەوتووەتەوە.
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمەریکایی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " مەترسییەکی گەورەی پەرەسەندن هەیە بە سەرانسەری ناوچەکەدا، ئەو پەرەسەندنانە هێزەکانی ئەمەریکاش دەگرنەوە."
هەفتەی ڕابردوو دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەل تەنفییان لە سوریا کردە ئامانج. فڕۆکەیەکیش بنکەی ئاسمانی ئەل حەریری باکووری عێراقی کردە ئامانج کە پێشتر بە بنکەی ئاسمانی باشوور ناسرابوو. دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەش بنکەی ئاسمانی ئەل ئەسەدییان کردە ئامانج لە ڕۆژئاوای عێراق، هەروەها ڕۆکێتەکانیش هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکایان کردە ئامانج لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.
ڕۆژی شەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن ئاماژەی بەوەدا ژمارەیەک لە سەربازەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕەوانەکردنییان و چالاککردنی ڕەوانەکردنی باتری سیستمی بەرگری ئاسمانی ثاد و سیستمی پاتریۆت، بۆ شوێنەکانی سەرانسەری ناوچەکە. ئەوەش بە مەبەستی پتەوکردنی پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا. بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی سەربازەکان نەدا.
بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەوەی دەیبینن لەم ڕاگەیاندنە ئەوەیە کە ئێمە ئامادەکاری دەکەین بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان، لە ڕووی بەرگریکردن لە هێزەکانمان و لە ڕووی ئامادەکارییەکانیشمانەوە بۆ وەڵامدانەوە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە."
ئەم جووڵانە دوای ئەوە دێن کە ئۆستن پێشتر 2000 سەربازیی ئەمەریکای خستووەتە ئامادەباشییەوە و ئامادەن ڕەوانە بکرێن.
سێ کەشتی لەگەڵ گروپی ئامادەی یو ئێس ئێس باتان هەزاران سەربازیی ئەمەریکایی لە نزیک ئیسڕائیل جێگیر دەکەن. یەکەیەکی فڕۆکەی هێرشبەری A-10 گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکەیەکی دیکەی A-10 کە لە ناوچەکەدا بووە، ماوەی مانەوەی دریژکراوەتەوە، فڕۆکەی شەڕکەی زیاتری F-15 و F-16 ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن.
ئەمەریکا ڕایگەیاندووە زیادکردنی بوونە سەربازییەکەی لە ناوچەکەدا مەبەست لێی ڕێگریکردنە لە گروپە خراپکارەکانی وەکو حیزبووڵا یاخود ئێران لە فراوانترکردنی ململانێکە.
هەفتەی ڕابردوو کەشتی تێکشکێنەری هێزی دەریایی ئەمەریکا یو ئێس ئێس کارنی کە لە دەریای سووردایە، چوار موشەک و چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستە خوارەوە، کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدران، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی ئەو جۆرە چەکانە " بە دەریای سووردا دەڕۆن و ڕەنگە بەرەو ئامانجەکانی ناو ئیسڕائیل بڕۆن."
سەرەتا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایدەر وتی سێ مووشەک بەرپەرچ دراونەتەوە.
ڕایدەر وتی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و وادیار نەبووە کەشتییە ئەمەریکاییەکە ئامانجی هێرشەکە بووبێت.
لە دوای هێرشە کوشندەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل لە 7 ی مانگی 10 دا، لانیکەم 1400 ئیسڕائیلی و 5000 فەڵەستینیش کوژراون.