ڕۆژنامەی گاردیەن دەڵێت هاوپەیمانییە نوێیەکەی نێوان میسڕ و تورکیا کە بۆ ئەوە پێکهێندراوە کۆتایی بەو ناکۆکییە درێژخایەنانە بهێنێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ڕووبەڕووی یەکەمین تاقیکردنەوەی گەورە دەبێت کە بریتییە لە خراپتربوونی قەیرانی سیاسیی لە لیبیا، قەیرانەکەش پەیوەستە بە کۆنتڕۆڵکردنی سامانی نەوتی وڵاتەکەوە لەلایەن لایەنە ناوخۆییەکانی لیبیاوە.
میسڕ و تورکیا لە بەهاری عەرەبی ساڵی 2011 دا پەیوەندییەکانییان تێکچوو، هۆکاری سەرەکیش ئەوە بوو کە سەرۆکی میسڕ عەبدل فەتاح سیسی کودەتایەکی کرد دژی محەمەد مورسی ئیسلامی سەرۆکی ئەو کاتەی میسڕ، مورسی هاوپەیمانی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو.
دوای نزیکەی سێ ساڵ لە هەوڵەکان بۆ دووبارە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییان، سیسی هەفتەی ڕابردوو سەردانی تورکیای کرد تاوەکو لەگەڵ ئەردۆغاندا کۆببێتەوە. دوو سەرۆکەکە زیاتر لە 30 یاداشتی لە یەک تێگەیشتنییان واژۆ کرد کە مەبەست لێیان زیادکردنی بازرگانی نێوان دوو وڵاتەکە بوو لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا. پێویستییەکان بۆ بەهێزکردنی ئابوورییەکانییان و نیگەرانییەکان لەسەر جەنگەکە لە غەززە وایکرد دوو وڵاتەکە لە یەکتر نزیک ببنەوە.
بەڵام دوو وڵاتەکە هێشتا ناکۆکییان هەیە لەسەر لیبیا، شڕۆڤەکاران دەڵێن ئەگەر دوو وڵاتەکە هەر ناکۆک بن لەسەر چۆنێتی کۆتایی هێنان بە دووبەرەکییە سیاسییەکەی لیبیا ئەوا بەڵێنی سەدەیەکی نوێی هاریکاریی لە نێوانییاندا ڕاست دەرناچێت. دامەزراوە سیاسییەکانی لیبیا لە ساڵی 2011 ەوە لە دوای ڕووخانی معەمەر قەزافییەوە دابەش بوون بەسەر ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.
لە شەڕی نێوان حکومەتەکەی لیبیا لە ڕۆژئاوا و هێزەکانی خەلیفە حەفتەردا لە ڕۆژهەڵات تورکیا پشتیوانی لە حکومەتەکەی لیبیا کردووە و چەک و هێزی بۆ دابین کردووە. هاوکات میسڕ و ئیماڕات و ڕووسیا پشتیوانییان لە خەلیفە حەفتەر کردووە، بنەماڵەکەی حەفتەر کۆنتڕۆڵی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی لیبیایان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوودا، سیسی و ئەردۆغان ڕێککەوتن لەسەر هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لەسەر لیبیا، بەڵام جێبەجێکردنی ئەوە لە ڕاستیدا دیار نیە چونکە کارێکی قورسە.
سێ هەفتە لەمەوبەر بەڕێوبەری بانکی ناوەندی لیبیا سدیق ئەلکەبیر دوورخرایەوە و هەڵات بۆ تورکیا و وتی لە ژیانی خۆی ترساوە دوای ئەوەی لەلایەن دەزگا سیاسییەکانی پەیوەست بە لایەنگرانی حکومەتەکەی لیبیا بە سەرکردایەتی عەبدولحەمید دبیبەوە دوورخراوەتەوە.
دبیبە دەڵێت کەبیر ڕەخنەی زۆر لە حکومەتەکەی گرتووە و پارەی ناردووە بۆ ڕۆژهەڵات. بەڵام کەبیر دەڵێت خەرجییەکانی حکومەت بۆ ساڵی 2024 پلانی بۆ داندراوە لەسەدا 37 زیاتر بێت لە داهاتەکان.
لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی لیبیا داوای گەڕاندنەوەی کەبیر دەکات و سەرکۆنەی دوورخستنەوەکەی دەکات و دەڵێت دەستووری نیە، ئەو کێشەیە بووەتە هۆی داخستنی چەندین کێڵگەی نەوت و زۆرێک لە حەواڵەکانی بانکی ناوەند لەلایەن بانکە جیهانییەکانەوە ڕاگیراون.
وڵاتانی ڕۆژئاوا دژایەتی دوورخستنەوەی کەبیرییان کردووە و دەڵێن کێشەی هەیە بەڵام سەرچاوەیەکی دەگمەنی سەقامگیری بووە لە وڵاتەکەدا.
وەکو ئاماژەیەک لەسەر گرنگیی لیبیا بۆ تورکیا، دوای کۆبوونەوەکەی سیسی و ئەردۆغان، بەرپرسی هەواڵگری تورکیا ئیبراهیم کالین دەستبەجێ سەردانی تەڕابلسی کرد.
وادەردەکەوێت کالین هەوڵ بدات دبیبە ڕازی بکات کەبیر بگەڕێنێتەوە سەر کارەکەی، یاخود دۆزینەوەی دەستەیەکی دیکە بۆ بەڕێوەبردنی بانکەکە.
ئالیا براهیمی ڕۆژنامەنووس و شارەزا لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا، دەڵێت ناکۆکییەکان لە ناو لیبیادا لە نێوان بنەماڵە فەرمانڕەواکاندان لەسەر سەرچاوە ئابوورییەکان و ئەمەش هاوکێشەکە بۆ تورکیا دەگۆڕێت، یاخود حساباتەکان دەگۆڕێت و جیاواز دەبن لە حساباتەکانی ساڵی 2019.
ئالیا ئاماژە بە زیادبوونی هاوبەشییە داراییەکەی نێوان تورکیا و خاوەن کارەکان دەدات لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا، بۆ نموونە دروستکردنی گەورەترین کارگەی بەرهەمهێنانی ئاسن و پۆڵا لە جیهاندا لە بێنگازییە، لە هەمان کاتیشدا ڕۆژئاوای لیبیا پارێزبەندییەکی تەواویی داوە بە هێزەکانی تورکیا، لەبەرئەوە قوربانییەکی گەورە دەبێت بۆ تورکیا ئەگەر دەستبەرداری هەوڵەکانی دبیبە ببێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بانکی ناوەند.
نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزەکانی ڕۆژئاوا داوایان کردووە لەڕێی سازشەوە قەیرانەکەی کەبیر چارەسەر بکرێت.