Accessibility links

بەرپرسانی هەرێم دەڵێن تەقەی خۆشی قەدەغەیە لە کاتێکدا ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن بڵاودەکرێنەوە


دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژراردنەکانی عێراق بە چاودێری نوێنەرانی لایەنەکان دەستیکردووە بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێم داوا لە خەڵکی دەکەن لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکاندا تەقەی خۆشی نەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی دەی 2024، کاتژمێر 6ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامێرەکانی دەنگدانی لە بنکەکان کوژاندەوە و کۆتایی بە پرۆسەی هەڵبژاردن هات.

لە کاتێکدا کۆمسیۆن بە چاودێری لایەنەکان سەرقاڵی جیاکردنەوەی دەنگەکانە، بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئاگاداری هاووڵاتیان و لایەنەکان دەکەینەوە کە دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان لە شاری هەولێر و دەوروبەری بە شێوەیەکی هێمن و دوور لە هیچ گیر و گرفتێک، بە مەبەستی خۆشی دەربڕین، بە هەموو شێوەیەک تەقەکردن قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نیە."

ئاسایشی هەولێر وتیشی هەر کەسێک پابەند نەبێت و سەرپێچی بکات ئەوا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرێتە بەر و دەستگیر دەکرێت.

هاوکات پارێزگاری سلێمانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی, "هیوادارین خۆشییەکەمان لێنەکەن بە ناخۆشی و بە شێوەیەکی مەدەنییانە گوزارشت لە خۆشییەکان و سەرکەوتنەکانییان بکەن. گرنگە ئەم پڕۆسەیە جێبەجێکرا و گرنگە سەربکەوێت، کوردستان سەربکەوێت، نیشتیمانەکەمان سەربکەوێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت. پێویستە لایەنەکان ڕۆحی یەکتر قبووڵکردن لەلایان بەهێز بکەن و دەست بکەن بە قۆناغێکی تازە و خۆیان بۆ دانوستانێکی بەهێز لەم بارودۆخە سەختەدا ئامادە بکەن."

XS
SM
MD
LG