Accessibility links

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن: باوەڕ بەو دەنگۆیانە مەکەن کە برەودەدەن بە ئاشکراکردنی دەنگی دەنگدەران


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دڵنیایی داوەتە سەرجەم دەنگدەران لەسەر ئەوەی بڕوا بەو دەنگۆیانە نەکەن کە باس لەوە دەکەن دەتوانرێت دەنگی دەنگدەر ئاشکرا بکرێت.

لە بەیاننامەکەدا دەڵێت، "هیچ کەس بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەنگدانی نهێنی دەنگدەر ببینێت یاخود ئاشکرای بکات، لەبەرئەوە داوا لە دەنگدەران دەکەین بڕوا بەو دەنگۆیانە نەکەن و بە تەواوی متمانە و دڵنیاییەوە بەربژێری خۆیان هەڵبژێرن و دڵنیا ببنەوە لەوەی ئامێرەکانی مۆبایل و وێنەگرتن بەکارنەهێنن لە ناو بنکە و وێستگەکانی دەنگداندا."

هەروەها بە پێی کۆمسیۆن هەتا 12ی نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان ڕێژەی گشتی بەشداری لە دەنگدان لەسەر ئاستی هەرێم 31٪ بووە و لەسەر ئاستی هەولێر بەرزترین ڕێژە بووە بە بڕی 34٪. دوای هەولێر بەرزترین ڕێژە لە هەڵەبجە کە 33٪ بووە و دواتر دهۆک 31٪ و سلێمانی 29٪.

ئەمە لە کاتێکدایە لە گەڵ بەردەوامی پرۆسەی هەڵبژرادن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی باس لە هەبوونی چەندین پێشێلکاری دەکەن، لە نێوانیان بەردەوامی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن هەندێک کاندید لەبەردەم سەنتەرەکانی دەنگدان و بەکارهێنانی مۆبایل لە ناو بنکەکانی دەنگدان.

دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا باسی لە پرسی بردنی قەڵەمی دەنگدان کرد و هەبوونی حاڵەتێکی وەهای پشتڕاستکردەوە، بەڵام ڕایگەیاند کێشەکەیان چارەسەرکردووە.

نەبەرد عومەر، بەڕێوەبەرى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتی، "ڕاستبوو کەیسێک هەبوو، ئەو کەسە دوای لێکۆڵینەوە وتبووی، 'قەڵەمەکەم بردووە وەک یادگاری بۆ خۆم. هەڵمگرتووە."

XS
SM
MD
LG