سەرچاوەکان دەڵێن خەونەکەی ئیلان ماسک بۆ گواستنەوەی مرۆڤەکان بۆ مەریخ دەبێتە کارێکی پێشینەی گەورەی نیشتیمانی لە ژێر سەرکردایەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا، ئاماژەیان بە گۆڕانکاری گەورەدا بۆ پڕۆگرامی ناسا بۆ مانگ و پتەوکردنی سپەیس ئێکسی ماسک.
پڕۆگرامی ئارتیمیسی ناسا، کە ئامانجییەتی ڕۆکێتی ستارشیپی سپەیس ئێکس بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بگوازێتەوە بۆ مەریخ، پێشبینی دەکرێت لە ژێر سەرکردایەتی ترامپدا سەنگێکی زیاتر بخاتە سەر هەسارە سوورەکە و ڕەنگە ئامانجی ئەوە بێت لەم دە ساڵەدا ئەرک لەوێ ئەنجام بدەن بەڵام بەبێ مرۆڤ، ئەمەش بەپێی چوار کەس کە نزیکن لە ئەجێندای سیاسەتی ترامپەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.
ماسک کە پشتگیرییەکی گەورەی لە ترامپ کرد لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا و گردبوونەوەی بۆ کۆکردنەوەی لایەنگر بۆ ترامپ ئەنجام دەدا و هەندێک جار بە تیشێرتێکەوە دەردەکەوت کە لەسەری نوسرابوو " مەریخ داگیر بکەن "، 119 ملیۆن دۆلاری لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپدا خەرج کرد و سەرکەتووانە توانی سیاسەتی بۆشایی ئاسمان بەرەوپێشەوە ببات.
لە مانگی نۆدا، چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی مەسک پشتگیری خۆی بۆ ترامپ دەربڕی، ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت کە مانگ " سەکۆی ئەرکەکان " دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکە کە ئەویش گەیشتنە بە مەریخ.
داوگ لۆڤێرۆی ڕاوێژکاری پیشەسازی بۆشایی ئاسمان کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ژێر بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپدا لە 2017 ەوە بۆ 2021 سەرکردایەتی یەکەیەکی ناسای کردووە، وتی " لانیکەم پلانێکی واقیعییانەتر بۆ مەریخ دەبینین، دەبینین کە مەریخ دەبێتە ئامانج."
سپەیس ئێکس، ماسک و هەڵمەتەکەی ترامپ دەستبەجێ لێدوانییان لەوبارەیەوە نەداوە. وتەبێژێکی ناساش وتی " گونجاو نابێت باس لە هەر گۆڕانکارییەک بکەین لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەدا."
سەرچاوەکان وتییان پلانەکان هێشتا دەکرێت بگۆڕێن، لە کاتێکدا کە تیمەکەی ترامپ لە چەند هەفتەی داهاتوودا پێکدێت.
لە ساڵی 2019 دا ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا پڕۆگرامی ئارتیمیسی دەستپێکرد، پڕۆگرامەکە یەکێک بوو لەو پڕۆگرامە کەمانەی کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی جۆو بایدنیشدا هەر بەردەوام بوو. سەرچاوەکان دەڵێن ڕاوێژکارانی ترامپ لە بواری بۆشایی ئاسماندا دەیانەوێت پڕۆگرامەکە زیندوو بکەنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز