نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی هەولێر دەڵێت“ لە دوای گرتنەبەری چەندین ڕێوشوێن و سزادانی ئەو شوێن و مارکێتانەی بە هۆی بەرزکردنەوەی نرخەوە سزامان دان یا دامانخستن، دوای ئەوە بارودۆخەکە زۆر زۆر ئارام بۆتەوە بگرە نرخەکانیش بە ڕێژەیەکی کەم دابەزیوەتەوە، چاودێری لەسەر بازاڕ و مارکێتەکان هەیە بارودۆخەکە زۆر زۆر ئارامە خەڵکەکەش ئەو پەیامەی پێگەیشت کە هیچ گرفتێکمان لە خۆراکدا نیە. “
“بارودۆخەکە زۆر زۆر ئارامە لە هەموو ڕوویەکەوە. “
لەسەرەتای قسەکانیدا قائیمقامی هەولێر وتی “بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کە دڵە ڕاوکێ لای هاوڵاتیان دروستبوو بە هۆی ئەو پڕوپاگەندەیەی کرا گوایە بە هۆی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە زەیت و ڕۆن نەماوە بەداخەوە ترس دروستبوو خەڵکێکی زۆر ڕویکردە کڕینی ڕۆن و زەیت، بەڵام ئێمە لەوکاتەدا لە پارێزگا کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا کە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون ڕاگەیەنراومان بڵاوکردەوە کە پێویست بەو دڵە ڕاوکێی ترسە ناکات، ڕۆژی دواتر لیژنەیەکمان پێکهێنا هەرچەندە لیژنەکانی خۆمان بەردەوامبون لە گەڕان، کۆگاکانمان پیشانی خەڵکدا بە مەیدانی کە بەسەرمان کردنەوە، دڵنیایمان دانێ کە کۆگاکان پڕن لە کاڵا و خواردەمەنی، وە کۆمپانیاکان ئەو گرێبەستانەی هەیانە بۆ کڕینی کاڵا و خۆراک هەمووی بەشێوەیەکی سروشتی دەڕوات وە دەروازە سنورییەکان ئاسایین، ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان و بازرگانەکانی خۆراک دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو ڕێنماییانەی هەیە، وە پەلەش دەکرێت لە ڕایی کردنی مامەڵەکانیان لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێکی نەفس نزم هەوڵیان دا ئەو پڕوپاگەندانە بقۆزنەوە و نرخ بەرز بکەنەوە، ئێمەش دەرچونێکی مەیدانیمان کرد بۆ زۆربەی زۆری مارکێت و شوێنە گەورەکان، لە ئەنجامدا بەشێک لەو شوێن و مارکێتانە داخران بەهۆی ئەوەی گەمەیان بە نرخ کردبوو، هاوڵاتیانیشمان دڵنیا کردەوە کە چاوپۆشی لە کەس ناکرێت، دوای ئەوە بارودۆخەکە زۆر زۆر ئارام بۆتەوە بگرە نرخەکانیش بە ڕێژەیەکی کەم دابەزیوەتەوە، چاودێری لەسەر بازاڕ و مارکێتەکان هەیە بارودۆخەکە زۆر زۆر ئارامە خەڵکەکەش ئەو پەیامەی پێگەیشت کە هیچ گرفتێکمان لە خۆراکدا نیە، هەروەک پێرێ (بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش) کە کێشەمان لە کەمی خۆراک نیە، بۆیە ئەگەر باسی هەولێرت بۆ بکەم بارودۆخەکە زۆر زۆر ئارامە لە هەموو ڕوویەکەوە. “
وتیشی “کێشەی ئەمجارە خۆراکی خراپ و بەسەرچوو نەبوو چونکە ئێمە بەردەوام لیژنەمان هەیە و دەست بەسەر مەوادی بەسەرچوو دەگرین و لەناوی دەبەین، کێشەی ئەمجارەی ئێمە ئەوەبوو دەبێت خۆراک هەبێت لە کۆگاکان و بێتە ناو بازاڕ، نکوڵی لەوە ناکەین کە کەموکورتی هەبوو ئێمە دەست بەجێ گەیشتین بەو کەموکورتیانە و چارەسەرمان کردن، گەیشتینە دەرئەنجامیش، بەڵام هاوڵاتیانیش باش دەزانن کە هەندێک بابەت هەیە لە هەموو جیهان نرخیان بەرزبۆتەوە بەتەنها لە کوردستان نیە، سوتەمەنی و کرێی گواستنەوە بە وشکانی و ئاسمانی و ئاویەوە لەهەموو جیهان نرخیان بەرزبۆتەوە لە هەموو شوێنێک ڕوویداوە. “
“ لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو پانزە شوێن داخراون و سزا دراون“
قائیمقامی هەولێر باسی لەوەشکرد “لەماوەی دوو ڕۆژدا پانزە شوێن داخراون بە هۆی یاریکردن بە نرخەوە، جگە لە غەرامە کردن، شوێنی واش هەیە تا ئێستاش هەر داخراوە. “
ڕاشیگەیاند“ توانیومانە کۆنترۆڵی نرخ بکەین بە تایبەت خۆراک کە ئێمە بە گرنگیەوە چاودێری دەکەین، لە نێویشیاندا زەیت و ڕۆن. “
“پێویستمان بەو جۆرە سنوردار کردنە نیە “
لە ئێستادا و لەسەروبەندی سەرهەڵدانی ڤایرەسی کۆرۆنا-بەشێک لە وڵاتان کڕینی بەرهەم و پێداویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیانیان سنوردار کردبوو، واتە هەرکەس بە ئەندازەیەک دەیتوانی خواردن یا پێداویستیەک بکرێت، ئەوەش بەمەبەستی نەقۆزینەی دەرفەت لە لایەن بازرگانەکان وە تا هەموو هاوڵاتیان بتوانن پێداویستی خۆیان دابین بکەن نەک هەندێک بەهۆی پارە هەر ئەندازەیەکی بوێت قۆرغی بکات و کەسانی موچە خۆر و دەستکورتیش بە ئاسانی نەتوانن بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئەو بەرهەم و خواردەمەنیانە دەستەبەری بکەن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئێوە وەک ئیدارەی پارێزگای هەولێر توانیوتانە کڕینی ڕۆن و زەیت یا هەر بەرهەمی خواردەمەنیەک سنوردار بکەن؟ یا لە پلانتاندا هەیە سیستمێکی وا پەیڕەو بکەن هاوشێوەی زۆر لە وڵاتانی جیهان؟
لە وەڵامدا نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر وتی “ئێمە هەرکات بە پێویستی بزانین ئەو سیستمە پەیڕەو بکەین، پەیڕەوی دەکەین، بەڵام ئێمە هیچ کەموکرتیەکمان لە پێداویستی و خۆراک نیە، لە کاتێکدا ئەو سیستمە پەیڕەو دەکرێت کە جۆرێک لە جۆرەکانی خۆراک بوونی سنوردار بێت و لە کۆگاکان نەبێت، بەڵام ئێمە خەڵک دڵنیا دەکەینەوە زۆر زۆر بۆ ماوەی چەند مانگی تریش هەموو جۆرە خۆراکێک لە کۆگاکانمان هەیە و پێویستمان بەو جۆرە سنوردار کردنە نیە. “
“زۆر کاریگەری هەبووە “
دەربارەی ئەوەی سزادانی مارکێت و شوێنەکانی فرۆشتنی خۆراک بە هۆی گرانکردنی نرخەوە تا چەند بۆتە هۆی چاوترساندنی کەسانی تر کە نرخ بەرز نەکەنەوە؟
نەبەز عەبدولحەمید جەختیکردەوە و وتی “ئەو ڕێوشوێنانەی ئێمە لەبەرابەر ئەو مارکێت و بازرگان و شوێنانە گرتومانەتە بەر زۆر کاریگەری هەبووە، زانیاریمان بۆ هاتووە خەڵک هەبووە نرخی بەرز کردۆتەوە بەڵام دوای ئەوەی بینوێتی کە مارکێتی تر ڕێوشوێنی بەرامبەر گیراوەتە بەر نرخەکەی ئاسایی کردۆتەوە، ئەو هەڵمەتانەی ئێمە لە سێ ڕۆژی ڕابردوو ئەنجاممان دا(ڕدع-چاوترساندنێکی) زۆر زۆر باشبوو بۆ ئەو کەسانەی کە نیازییان بەرز کردنەوەی نرخ و یاریکردن بوو بە نرخ. “