کەناڵی تی ئاڕ تی هابەری تورکیا بڵاویکردەوە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت گفتوگۆکان لەگەڵ فینلەندا و سویددا سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ لە " ئاستی پێشبینیکراودا " نین و ئەنقەرە ناتوانێت بڵێت بەڵی بۆ " ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە تیرۆر " دەکەن.
تورکیا دژایەتی هەوڵەکانی سوید و فینلەندا دەکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەم لێدوانانەی ئەردۆغانیش ئاماژەیەکن لەسەر ئەوەی هێشتا دژایەتی ئەو بابەتە دەکات.
ئەردۆغان لە گەڕانەوەیدا لە گەشتەکەی بۆ ئازەربایجان بە ڕۆژنامەووسانی وت " هەتاوەکو تەیب ئەردۆغان سەرۆکی کۆماری تورکیا بێت، بەدڵنیاییەوە ناتوانین بڵێین ' بەڵێ ' بۆ هاتنی ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن بۆ ناو ناتۆ."
لە ماوەی ڕابردوودا دوو سەرچاوە بە ڕۆیتەرزییان وت بەرەوپێشچوونێکی کەم کراوە لە گفتوگۆکانی ڕۆژی چوارشەممەی نێوان تورکیا و شاندەکانی سوید و فینلەندا، هەروەها ڕوون نیە کەی گفتوگۆی زیاتر ئەنجام دەدرێت.
دەبێت سەرجەم 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ پلانی وەرگرتنی ئەندامی دیکە بۆ ناو هاوپەیمانێتییەکە پەسەند بکەن.
تورکیا دەڵێت دژایەتی هەوڵەکانی ئەو دوو وڵاتە دەکات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی گوایە ئەو دوو وڵاتە داڵدەی کۆمەڵە کەسانێکیان داوە کە پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان ' پەکەکە ' و ئەو کەسانەشی کە ئەنقەرە بە تیرۆریستییان دەزانێت. هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە سوید و فینلەندا لە ساڵی 2019 ەوە هەناردەکردنی چەکییان بۆ تورکیا ڕاگرتووە.
ئەردۆغان وتیشی " ئەوان ڕاستگۆ و دڵسۆز نین. ناتوانین ئەو هەڵەیەی لە ڕابردوودا کردوومانە سەبارەت بەو وڵاتانەی ناو ناتۆ کە خۆراک دەدەن بە تیرۆریستان دووبارە بکەینەوە."
سوید و فینلەندا وتوویانە سەرکۆنەی تیرۆر دەکەن و پێشوازییان لە ئەگەری هەماهەنگیکردن کردووە لەگەڵ تورکیادا.
وەزیری دەرەوەی سوید ئان لیند دوای لێدوانەکانی ئەردۆغان بە ڕۆیتەرزی وت " هەوڵە دیبلۆماتییەکان بەردەوامن. لەم ساتەدا ڕەتی دەکەینەوە لێدوانی زیاتر بدەین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز