Accessibility links

شارۆچکەی ئێری پێنسلڤێنیا زۆر گرنگە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا


لە ماوەی هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوودا، زۆرێک لە دەنگدەران و ڕاپرسیکاران و بەرپرسانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکان لە نزیکەوە سەرنجی شارۆچکەی ئێری ویلایەتی پێنسلڤێنیا دەدەن، کە لە ماوەی چوار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕابردوودا براوەی هەڵبژاردنەکانی هەڵبژاردووە.

لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، جیاوازی نێوان براوە و دۆڕاو کەمتر بووەتەوە. جێف بڵەدۆرثی پڕۆفیسۆری مێژوو لە زانکۆی گانۆن لە ئێری دەڵێت ئەوەش سوپڕایزێکی گەورە نییە، دواجار " شارۆچکەی ئێری مایکرۆکۆسۆمی سەرانسەری وڵاتەکەیە."

بەربژێرەکانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکانیش لە دوایین هەفتەکانی کێبڕکێکەدا هەڵمەتی هەڵبژاردنییان لە ئێری ئەنجام داوە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەمدواییانەدا لە گۆڕەپانی ئێری ئینشورانس وتی " شارۆچکەی ئێری، ئێوە شارۆچکەیەکی زۆر گرنگن. چۆنێتی دەنگدانتان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا دواجار پێشبینی ئەنجامە نیشتیمانییەکە دەکات."

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان لە ماوەی دەرکەوتنێکیدا لە ناوەندی بەیفڕەنت بە خەڵکەکەی وت " من لێرەم لە ئێری، پێنسلڤێنیا، لەگەڵ ئەو کرێکارانەدا کە پێشتر دیموکرات بوون، بەڵام ئێستا سەرجەمییان کۆماریی ترامپن چونکە دەزانن کە ترامپ دەیانبات بۆ خاکی بەڵێنپێدراو."

لە کۆنەوە دیموکراتەکان لە سنوورەکانی شارەکەدا سەرکەوتوو بوون. بەڵام پارتەکە ئەوە لەبەرچاو ناگرێت و بەردەوام لە هەوڵدایە تاوەکو ڕێژەی بەشداربوون لە شارەکە و شارۆچکەکەشدا زۆرترین بێت.

سام تالاریکۆی سەرۆکی پارتێکی ناوخۆیی وتی " ئێمە لە ڕازیکردن دەرچووین و ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە خەڵکەکە دەنگ بدەن، هیچ شتێکیش لەوە باشتر نیە لە دەرگا بە دەرگا بدەیت و ڕووبەڕوو قسە بکەیت."

تالاریکۆ وتی سەردانی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی بۆ ئێری " جیاوازییەک دروست دەکەن لە ڕووی پەرۆشییەوە."

وتی لە کاتێکدا کە لە ڕاپرسییەکاندا بەربژێرەکان لە یەکەوە نزیکن، " تەنها شت کە بتوانین پشتی پێببەستین پەرۆشییە، دەشزانین کە پەرۆشی لە شارۆچکەی ئێری زۆر زۆرە."

ئەوە زاندراوە کە کۆمارییەکان لە ناوچە دوورەدەستەکانی شارۆچکەی ئێریدا بەهێزترن.

هاڕۆڵد ڕۆس لە بری ترامپ دەرگا بە دەرگای ماڵەکانی لە شارۆچکەی ئێری و شارۆچکەی وارین گەڕاوە.

ڕۆس وتی " لە دەرگایەک دەدەیت، ناشزانیت کێ دەبینیت، ڕەنگە توندڕەوێک ببینیت، دیموکراتێک ببینیت. دەبێت بە جۆرێک بەبێلایەن بمێنیتەوە چونکە ناتەوێت فشار بکەیت."

وتی " دیموکراتم بینیوە کە بە ڕاستی پێیان وتووم کە چیتر دەنگ نادەن بە دیموکراتەکان و دەنگ دەدەن بە دانۆڵد ترامپ."

لیندا پێزینۆ کە بەڕێوبەرایەتی هەڵمەتەکەی ترامپ دەکات لە شارۆچکەی کۆری وتی چەندین شەو هەبووە نەخەوتووە و نیگەرانی چارەنووسی ترامپ بووە لە هەڵبژاردنەکاندا.

وتی " لە ناکاو شتێک هات بە مێشکمدا و وتی ئەو سەرکەوتوو بوو. ئەو دەیباتەوە. ئەو لە پێنسلڤەینیا سەرکەوتوو دەبێت."

ماریۆ مازا سەرپەرشتی نەوەی دووەمی باخەکانی ترێی خێزانەکەی دەکات. باوک و مامی کۆچبەری ئیتاڵیا بوون و کاروباری خێزانەکەیان گەشەپێدا، کە بەدرێژایی کەناری دەریاچەی ئێری هەڵکەوتووە، لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدە بووە بە یەکێک کە زیاتر لە 240 هێکتاری لە ژێر چاندنی ترێ و دانەوێڵەدایە.

مازا دەڵێت هەندێک خەڵکە لە شارۆچکەکەدا ماندووبوون بەو هەموو سەرنجەی کە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەیدەن بە دەنگدەران.

وتی " کەس ناناسم ئەوەی پێخۆش بێت."

مازا وتی دەیەوێت زیاتر سیاسەتی کردەوە لە هەڵمەتەکانی سەرۆکایەتی ببیستێت و کەمتر ببیستێت لە دەنگە وردەکان و زمانی گرژیی، بەتایبەتی لەسەر پرسێکی گرنگ بۆ پیشەسازییەکەی، کاری کۆچبەران.

وتی " بەبێ هێزی کار، ئامێری کشتوکاڵی لەم وڵاتەدا ورد دەبێت تا دەوستێت. پێم وایە هەر کەسێک لە کشتوکاڵدا بێت ئەوە دەزانێت. هەرکەسێک لە زنجیرەی دابینکردنی خۆراکدا بیت ئەوە دەزانێت و درک بەوە دەکات."

لیدا ڕۆدریگێزی خاوەنی چێشتخانەی لا کۆچینا کۆکی دەڵێت لەم وەرزەی هەڵبژاردنەکاندا کڕیارەکانی برسین بۆ سەرۆکێک کە هەڵاوسانی ئابووری قوت بدات.

وتی " نرخی خۆراک و کرێ لێرە زیاتر بووە. ئەوان تەنها بەدوای شتی لەو شێوەیەدا دەگەڕێن، شتێک کە یارمەتییان بدات."

پێدەچێت پێشەنگی دیموکراتەکان لە تۆمارکردنی دەنگدەران و ڕێکخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیان لێرەدا قازانجی بۆ هێرس هەبێت، بەڵام پرۆفیسۆر بڵەدوۆرث وتی لەوانەیە ئەو گریمانەیە بەسەرچوو بێت.

وتی " پێش ترامپ سەیری ئەمەت دەکرد و دەتوت ' دیموکراتەکان سەردەکەون. ئەوان ڕێکخراون. دەیان کارمەندی مووچەخۆریان هەیە لە شارۆچکەیەکی 200,000 کەسیدا. ئەوە تەنها دەبێت مانادار بێت.’ هەتاوەکو ئەو کاتە کە بەو شێوەیە نابێت، چونکە دانۆڵد ترامپ بە جۆرێک لە جۆرەکان یاساکانی سیاسەتی ئەمەریکای گۆڕیوە."

دیموکراتەکان و کۆمارییەکان لە شارۆچکەی ئێری ئێستا وادیارە تەنها لەسەر یەک شت هاوڕابن، هەردوولایان هەوڵێکی زۆر بۆ شارۆچکەکە دەدەن چونکە گرەوێکی زۆر هەیە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا لەم شارۆچکەیەدا کە هەردووکیان دەیانەوێت سەربکەون تێیدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG