Accessibility links

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕێکدەکەون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی ئاسانکاریکردنی پێدانی ڤیزا بە ڕووسییەکان


بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ دەڵێت 27 ئەندامەکەی یەکێتییەکە ڕێکەوتوون لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕووسیادا، ڕێکەوتنەکەش کارئاسانی کردووە بۆ ڕووسییەکان لە وەرگرتنی ڤیزای گەشتیاریدا.

بۆڕێڵ دوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیەکە لە پڕاگ بڕیارەکەی ڕاگەیاند، بەڵام ئەندامانی یەکێتییەکە هاوڕا نەبوون لەسەر قەدەغەکردنی تەواوەتی گەشتی ڕووسییەکان بۆ یەکێتی ئەوروپا.

ڕێکەوتنەکەی ساڵی 2007 کە گەشتی ڕووسییەکان بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ئاسانتر دەکات، لە کۆتایی مانگی دوودا بەشێکی هەڵوەشێندرایەوە، کەسە نزیکەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنی گرتەوە، لەوانەش شاندە فەڕمییەکان و ئەو ڕووسییانەی کە پاسپۆڕتی دیبلۆماتییان هەبووە. بەڵام هاوڵاتیانی ئاسایی ڕووسیای نەگرتەوە، ئەمەش وایکرد هاوڵاتیانی ئاسایی ڕووسیا بەردەوام سوود لە کارئاسانییەکانی وەرگرتنی ڤیزا وەربگرن، کارئاسانییەکانیش بریتی بوون لە کەمکردنەوەی کاتی چاوەڕێکردن و کەمکردنەوەی نرخەکان و کەمکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانەی کە پێویستن بۆ داواکردنی ڤیزا.

ئەو وڵاتانەی کە سنوورییان بە ڕووسیاوەیە، وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا و فینلەندا داوای کۆتوبەندی زیاترییان کردووە بۆ سەر ڤیزای گەشتیارانی ڕووسی، لەکاتێکدا کە گەشتە ئاسمانییەکان لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا قەدەغەکراون و زۆربەی گەشتیاران سنوورە وشکانییەکان بەکاردەهێنن بۆ گەشتکردن بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.

بۆڕێڵ وتی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە ئامانج لێی ڕێگە گرتنە لەو ڕووسییانەی کە داوای ڤیزای وڵاتێکی یەکێتییەکە دەکەن کە یاساکان تیایاندا توند نین، هەر کە ڤیزاکە وەردەگرن، دەتوانن ئازادانە بە سەرجەم وڵاتانی ناوچەی شنگنی یەکێتییەکەدا گەشت بکەن.

بەپێی ڕێکارەکانی کۆمسیۆنی ئەوروپا هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنەکە وادەکات پڕۆسەی پێدانی ڤیزا لەلایەن یەکێتییەکەوە ئاڵۆزتر و گرانتر و بیرۆکراسیتر بێت، هەروەها کاتی چاوەڕوانی ڕووسییەکان بۆ وەرگرتنی ڤیزا درێژتر دەکاتەوە.

ئەڵمانیا و فەڕەنسا بۆچوونێکی دیکەیان هەبوو، دەڵێن سنووردارکردنی پێدانی ڤیزا بە ڕووسییەکان ئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت، لەکاتێکدا کە یەکێتی ئەوروپا شەڕ دەکات بۆ " دڵ و مێشکی " ئەو ڕووسییانەی کە پشتیوانی لە دوژمنکارییەکەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا ناکەن.

کیێڤ داوای کردووە یەکێتییەکە پێدانی ڤیزا بە سەرجەم ڕووسییەکان قەدەغە بکات.

XS
SM
MD
LG