یەکێتی ئەوروپا لە نوێترین خولی گفتوگۆکاندا لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی ئاشتیدا کە ڕووسیاش بە هەمان شێوە هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی سەرەکی هەبێت تێیدا، داوای لە ئازەربایجان و ئەرمینیا کرد خۆیان بە دووربگرن لە " توندوتیژی و لێدوانی توند ".
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا چاڕڵس میشێل لە بڕۆکسل میوانداری سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام ئالیێڤ و سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆل پاشینیان کرد بۆ گفتوگۆکان کە ئامانج لێیان تیشک خستنە سەر ململانێکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە کە زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامن.
لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، دوو وڵاتەکە دوو جار دژی یەکتر چوونەتە جەنگەوە لەسەر ناگۆرنۆ کاراباخ، کە ناوچەیەکی بچووکی شاخاوییە و بەشێکە لە ئازەربایجان، بەڵام نزیکەی 120,000 ئەرمینیایی تێدا دەژی.
ئەرمینیا دەڵێت ئەو پەیماننامە ئاشتییەی کە پێشنیار کراوە دەبێت مافێکی تایبەت بدات بە ئەرمینیاییەکانی ناو ناگۆرنۆ کاراباخ و گرەنتی ئاسایشییان بداتێ. وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان جیهون بایرامۆڤ لە مانگی شەشدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز ئەو داوایەی ئەرمینیای ڕەت کردەوە، وتی ئەوە پێویست نیە و داواکە گەیشتۆتە ئاستی دەستوەردانەوە لە کاروباری ناوخۆی ئازەربایجاندا.
میشێل وتی " بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە پەیوەستە بە هەنگاوەکانی دواترەوە، هەنگاوەکانیش پێویستە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگیرێنەبەر، وەکو بابەتێکی سەرەکیش، توندوتیژی و لێدوانی توند دەبێت ڕابگیرێن تاوەکو ژینگەیەکی گونجاو بۆ گفتوگۆ و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بڕەخسێت."
میشێل بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دانیشتوان پێویستییان بە دڵنیاییدان هەیە، لەسەروو هەموویانەوە دڵنیاییدان لەسەر ماف و ئاسایشییان."
میشێل وتیشی یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت ئازەربایجان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەرمینیاییەکانی ناگۆرنۆ کاراباخدا قسە بکات تاوەکو متمانە لە نێوانییاندا دروست ببێت.
کاردانەوەی سەرۆکی ئازەربایجان لەسەر ئەم بابەتە نەزاندراوە، چونکە لەگەڵ پاشینیاندا بەبێ ئەوەی لێدوان بۆ ڕۆژنامەنووسان بدەن ڕۆیشتوون. سەرکردایەتی نافەڕمی ناگۆرنۆ کاراباخ بانگەشەی سەربەخۆیی دەکات، بەڵام لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە.
جگە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمەریکاش بە هەمان شێوە هانی دوو وڵاتەکەی داوە بگەن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتی. ڕووسیاش کە هەمیشە ڕۆڵی نێوەندگری بینیوە لە ناوچەکەدا، بەهۆی جەنگەکەوە سەرنجی لەسەر ناوچەکە لابراوە و مەترسی ئەوەی لەسەرە کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا نەمێنێت.
ڕۆژی شەممە ڕووسیا ڕایگەیاند ئامادەیە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کۆبوونەوەیەکی سێ لایەنی لەگەڵ ئەرمینیا و ئازەربایجاندا ڕێکبخات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز