ڕاگەیاندنەکانی سەر بە حکومەتی ئێران دەڵێن بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێل ڕۆژی شەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا کۆبۆتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات چەقبەستوویی گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 بشکێنێت.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ئەمەریکا گوتی چاوەڕێی وەڵامێکی بونیادنەرانەی ئێران دەکات لەسەر دووبارە زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، کە تیایدا چالاکییەکانی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران سنووردار کرا و لە بەرامبەریشدا سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانی سەر تاران لابران. بەڵام لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.
هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان داوای لە واشنتن کرد " واقعی بێت."
یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگی گفتوگۆکان دەکات، لە مانگی سێدا گفتوگۆکان وادەردەکەوتن کە لەسەر لێواری دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە بن، لەو کاتەدا یەکێتی ئەوروپا وەزیرانی وڵاتانی بەشداری لە ڕێکەوتنەکەدا بانگهێشت کرد بۆ ڤیەننا، ئەوەش بە مەبەستی واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە.
بەڵام لەو کاتەوە گفتوگۆکان چەقییان بەستووە، بەشێکی زۆر لە هۆکارەکەی سووربوونی ئێرانە لەسەر ئەوەی واشنتن دەبێت سەرەتا سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی ئەمەریکا لاببات.
دوو بەرپرسی ئێرانی و ئەوروپی، پێش سەردانەکەی بۆڕێل بە ڕۆیتەرزییان گوت " دوو بابەت هەن کە یەکێکیان پرسی سزاکانە هێشتا چارەسەر نەکراون." وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئەو لێدوانەی نە پشتڕاست کردۆتەوە و نە ڕەتیشی کردۆتەوە.
ڕۆژی هەینی فەڕەنسا کە لایەنێکە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، داوای لە تاران کرد سوود لە سەردانەکەی بۆڕێل وەربگرێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز