فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا سەرزەنشتی ئێرانیان کرد لەسەر بڕیارەکەی بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پـیتێنراو، دەڵێن ئەمە پـێشێلکردنی بەڵێنەکانیەتی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ئەم سێ وڵاتە گەورەیەی ئەوروپا ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەکدا داواشیان لە ئێران کرد دەستبەجێ و بێ دواکەوتن هەموو ئەو کارانەی ڕابگرێت کە پـێچەوانەی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەن. گوتیشیان ئەم جۆرە کارانەی تاران بواری گەڕاندنەوە بۆ دیپـلۆماسیـیەت و بەدیهێنانی ئامانجەکانی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە کەم دەکاتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئێران لە پـلانەکەی بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پـیتێنراو بەردەوامە، ئەو یۆرانیۆمەی شیانی هەیە بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی بەکاربهێنرێت.
ئێران پـێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا دەیەوێت بە ڕێژەی 20% یۆرانیۆم بپـیتێنێت، ئەمەش پـێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەیەی ساڵی 2015یە کە ڕێگە بە ئێران دەدات هەتا ئاستی 3.67% یۆرانیۆم بپـیتێنێت.
بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت یۆرانیۆم بە ڕێژەی 90% بپـیتێنرێت.