Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا بە نیازە سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت


بڕیارە ڕۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بەکارهێنانی هێز لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دژی خۆپیشاندەران.

خۆپیشاندانەکانی ئێران بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینیەوە سەرییانهەڵدا کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا، یەکێکیشە لە بوێرترین ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە دوای شۆڕشەکەی ساڵی 1979 ەوە. بەپێی دەزگای هەواڵی HRANA تاوەکو ئێستا 336 خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەی 15,100 کەسی دیکە دەستگیرکراون.

لە مانگی 10 دا وەکو وەڵامێک بۆ سەرکوتکارییەکەی ئێران دژی خۆپیشاندەرانی ئێرانی، یەکێتی ئەوروپا یەکەمین سزای خۆی بەسەر تاراندا سەپاند، گەشتی 15 کەس و دامەزراوی ئێرانی قەدەغە کرد و سەرمایەکانیانی سڕکرد، بەپێی یەکێتییەکە ئەو کەس و دامەزراوانە پەیوەندییان بە مەرگی ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە هەبووە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیەکەدا جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا یەکێکیتر دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان.

کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و دواتریش کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری یەکێتییەکە لە ڕۆژی سێشەممەدا، یەکەمین کۆبوونەوەی ئاست بەرزی یەکێتییەکە دەبن لەو کاتەوەی کە ڕووسیا لە خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا کشایەوە.

وەزیرەکان باس لە زیادکردنی پشتیوانییەکان دەکەن بۆ ئۆکرانیا لە وەرزی زستاندا و ڕەنگە تاوتوێی سەپاندنی خولێکی نوێی سزاکان بکەن دژی ڕووسیا، بەڵام دیبلۆماتکاران دەڵێن هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG