Accessibility links

ئەوروپا دەست دەکات بە پێشوازیکردن لە پەنابەرانی ئۆکرانی


دەیان هەزاران هاوڵاتی ئۆکرانی لەدەست داگیرکارییەکەی ڕووسیا گەیشتنە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا. شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن 1 بۆ 5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی لە هەفتەکانی داهاتوودا بچنە ناو یەکێتی ئەوروپاوە. ئەو وڵاتانەی کە پێشتر سنوورەکانیان بەڕووی پەنابەراندا داخستبوو، ئێستا سنوورەکانیان بەڕووی ئۆکرانییەکاندا دەکەنەوە.

زۆرێک لە ئۆکرانیەکان لە پێناو پارێزراویدا بە هەر شێوەیەک بێت سنوورەکان تێدەپەڕێنن. کۆمەڵێکیان لەڕێی شەمەندەفەرەوە گەیشتنە پۆڵەندا.

ئەوانی دیکە بۆ چەند کاتژمێرێک بە ئوتومبێل یاخود بە پیادە چاوەڕێ دەکەن تاوەکو بگەنە خاڵە سنوورییەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ پۆڵەندا و ڕۆمانیا و سلۆڤاکیادا.

ئەو هاوڵاتیە ئۆکرانیانەی کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 60 ساڵدایە، ڕێگەیان نادرێت وڵاتەکە جێبهێڵن، دەبێت بەرگری لە نیشتیمانەکەیان بکەن.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی " ئێمە لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانەدا کە دەکەونە بەرەکانی پێشەوە، پلانی بەپەلەمان هەیە بۆ پێشوازیکردن و میوانداریکردنی پەنابەرانی ئۆکرانیا."

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا پلانەکانی یەکێتی ئەوروپای ئاشکرا کرد بۆ پشتیوانیکردن لە پەنابەرانی ئۆکرانیا، هەروەها پشتیوانیکردنی ئەوانەشی کە لە ناوخۆی ئۆکرانیادا ئاوارەبوون، ئەوەش لەڕێی ئۆفیسی یارمەتیە مرۆییەکانیەوە لە ئۆکرانیا.

وتی " سەبارەت بەو هاوڵاتیانەشی کە لە ناوخۆی ئۆکرانیادا ئاوارە بوون، پشتیوانییەکی زۆرمان هەیە کە لەڕێی ئۆفیسی ئێکۆی یارمەتیە مرۆییەکانەوە دابینی دەکەین، لەوانەش پەناگە و هەموو ئەو پێویستیانەی کە ئاوارەکان دەستبەجێ پێویستیان پێیانە."

لەکاتێکدا یەکێتی ئەوروپا دەڵێت هیوادارە ژمارەیەکی کەم لە ئۆکرانییەکان هەوڵی پەنابەرێتی بدەن، ڤۆن دێر لین وتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ وەرگرتنیان.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ترسی ئەوەی هەیە نزیکەی 5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی هەوڵی پەنابەرێتی بدەن لە وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا، 3 ملیۆنیان لە پۆڵەندا.

ئەمەش زۆر زیاترە لە ژمارەی پەنابەرەکانی قەیرانەکەی کۆچبەران لە ساڵی 2015 دا، کاتێک 1.3 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی و سوری و ئەوانی دیکەش هەوڵیاندا لە دەست شەڕ و ململانێکانی ناوخۆی وڵاتەکانیان هەڵبێن بۆ ئەوروپا، ئەڵمانیا زۆرینەیانی وەرگرت.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، لەوانەش پۆڵەندا و هەنگاریا، دوودڵ بوون لە وەرگرتنی ئەو پەنابەرانە. هەنگاریا پەرژینێکی بەدرێژایی سنوورەکەی دروست کرد، پۆڵەنداش بە هەمان شێوە پەرژینێکی دروست کرد تاوەکو ڕێگە نەدات پەنابەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بێلاڕووسەوە بێنە وڵاتەکەوە.

بەڵام وەرگرتنی ئەم پەنابەرانە جیاوازە، پۆڵەندا ناوەندەکانی وەرگرتنی پەنابەران بەدرێژایی سنوورەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا دەکاتەوە. وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا دەڵێت وارشۆ سەرجەم ئەو ئۆکرانییانە وەردەگرێت کە دەگەنە سەر سنوورەکە.

لە فەڕەنساش، کاندیدی سەرۆکایەتی فەڕەنسا مارین لو پێن جەختی لە پشتیوانی خۆی کردەو بۆ وەرگرتنی پەنابەرانی ئۆکرانی، ئەمەش لەکاتێکدا کە حیزبەکەی لو پێن پێشتر سکاڵایەکی دژی شەپۆلی پەنابەرانی ئەفغانی تۆمارکرد.

ڕێکخراوەکانی مافی پەنابەران پێشوازی لە کراوەیی ئێستای دەرگاکان دەکەنەوە بەڕووی پەنابەراندا، بەڵام نیگەرانن سەبارەت بەو جیاکارییەی کە لەنێوان پەنابەراندا دەکرێت.

ئەندامی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویج ئۆلی سۆلڤانگ وتی " بێگومان ئەم جۆرە جیاوازییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەراندا شتێکە لێی دەترسین و و دەیبینین. بەرامبەر ئۆکرانیا، پێدەچێت وڵاتان زیاتر ناچار بن تاوەکو سنوورەکانیان بکەنەوە بەڕوویاندا. بەڵام بزانین لە داهاتوودا چی دەبێت."

هێشتا هەندێکی دیکە لە ڕێکخراوەکان لەوە دەترسن ئەگەر ململانێکانی ئۆکرانیا درێژە بکێشێت ئەوا لەوانەیە پێشوازییەکەی ئەوروپا لە پەنابەرانی ئۆکرانی چیتر بەم گەرم و گوڕییەی ئێستای نەمێنێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG