Accessibility links

بۆڕێڵ: پلانەکەی ئیسڕائیل بۆ لە ناوبردنی حەماس سوودی نیە، گفتوگۆی ئاشتی پێویستە


بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ دەڵێت پلانی ئیسڕائیل بۆ لە ناوبردنی گروپی چەکداری ئیسلامی حەماسی فەلەستینییەکان لە غەززە سوودی نیە و یەکێتی ئەوروپا دەبێت هەوڵ بدات بۆ دروستکردنی " چارەسەری دوو دەوڵەت "، سەرەڕای ناڕەزایی ئیسڕائیل.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی یەکشەممە جارێکی دیکە جەختی لە هەڵوێستەکەی خۆی کردووە دژی هەر دەوڵەتێکی فەلەستینی و وتی " دەوڵەتی فەلەستینی مەترسی دەبێت لەسەر بوونی ئیسڕائیل." وتی ئیسڕائیل سوور دەبێت لەسەر ئەوەی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی ئاسایشی سەرانسەری ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن بکات، ئەو ناوچانە غەززە و کەناری ڕۆژئاواش دەگرێتەوە.

بۆڕێڵ لە کۆبوونەوەی مانگانەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا ئەم لێدوانەیدا، لە کۆبوونەوەکەی ئەم مانگەی وەزیرەکانی ئەوروپادا هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و میسڕ و ئوردن و سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی ئامادە بوون. ئەم گفتوگۆیانەش بە شێوەیەکی سەرەکی سەنگ دەخەنە سەر دەرەنجامەکانی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل و هێرشی تۆڵەی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە.

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز و وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان ڕیاز ئەل مالیکی بە جیا لە کۆبوونەوەکەدا دەرکەوتن.

سەبارەت بە پلانەکەی ئیسڕائیل بۆ لە ناوبردنی حەماس لەم جەنگە وێرانکەرەدا کە سێ مانگە بەردەوامە لە غەززە، بۆڕێڵ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەو چارەسەرانەی دیکە چین کە لە مێشکییاندایە، هەموو فەلەستینییەکان ناچار بکەیت چۆڵی بکەن؟ هەموویان بکوژیت؟ ئەو ڕێگەیەی ئەوان گرتوویانەتەبەر بۆ لە ناوبردنی حەماس ئەو ڕێگەیە نیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. ئەوان تۆوی ڕق و کینە دەچێنن بۆ نەوەکانی داهاتووش."

بۆڕێڵ وتی دەیەوێت لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکاندا فشار بکات بۆ دروستکردنی پڕۆسەیەک کە ببێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە تەنیشت ئیسڕائیلەوە. گفتوگۆکان لەو بارەیەوە 10 ساڵ لەمەوبەر شکستییان هێنا، ئەوەش لە نێوەندی بێ متمانەیی لە نێوان لایەنەکاندا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە زیاتر لە 25,000 فەلەستینی کوژراون، هەروەها بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زۆربەی 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی غەززە.

ئیسڕائیل وتوویەتی ئەم جەنگە دەکرێت " چەند مانگێکی زۆر " بخایەنێت و پشوو نادات تاوەکو حەماس بنەبڕ دەکات و سەرجەم بارمتە ئیسڕائیلییەکان لە غەززە ئازاد دەکرێن و غەززە چیتر هەڕەشە نابێت بۆ سەر ئیسڕائیل.

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئەیمەن سەفەدی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " زیاتر لە 30 ساڵە لەو پڕۆسەیەداین و سەیرکە بزانە بە کوێی گەیاندووین." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز بە ڕۆژنامەنووسانی وت لە بڕۆکسل بووە تاوەکو تاوتوێی ئازادکردنی ئەو بارمتانە بکات کە لەلایەن حەماسەوە گیراون و وتیشی ئیسڕائیل حەماس لە ناودەبات و ئاسایشی نیشتیمانی بۆ وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە.

پێش کۆبوونەوەکەی بڕۆکسل، دەزگای دیبلۆماتی یەکێتی ئەوروپا پەڕەیەکی بابەتی گفتوگۆکانی نارد بۆ سەرجەم 27 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، پێشنیاری نەخشە ڕێگایەکی کردووە بۆ ئاشتی لە ململانێ بەرفراوانەکەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستینییەکاندا.

لە دڵی پلانەکەدا داوایەکی تێدایە بۆ " کۆنفرانسێکی ئامادەکاری ئاشتی "، داواکراوە کۆنفرانسەکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و میسڕ و سعودیە و کۆمکاری عەرەبییەوە ڕێکبخرێت، هەریەک لە ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بانگهێشت کراون تاوەکو ئامادەی کۆنفرانسەکە بن.

بەپێی ئەو نوسراوەی کە دراوە بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، کۆنفڕانسەکە بەڕێوەدەچێت تەنانەت ئەگەر ئیسڕائیلییەکان یاخود فەلەستینییەکانیش ڕەتی بکەنەوە بەشدار بن. بەڵام لە هەر قۆناغێکی گفتوگۆکاندا ڕاوێژ بە فەلەستینییەکان و ئیسڕائیل دەکرێت، لە کاتێکدا کە بەشداربووان هەوڵی کێشانی پلانێکی ئاشتی دەدەن.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پلانەکە بەپێی ئەو نوسراوە، دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینییە کە بتوانێت " شان بە شانی ئیسڕائیل لە ئاشتی و ئاسایشدا بژی."

بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن بەرپرسانی ئیسڕائیل لە ئێستادا هیچ گرنگییەکییان نەداوە بە چارەسەری دوو دەوڵەت، بەڵام سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەوە تەنها بژاردەیە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن.

لە نوسراوەکەی یەکێتی ئەوروپادا پێشنیاری ئەوە کراوە بەشداربووانی کۆنفرانسە ئاشتییەکە دەبێت " دەرەنجامەکان " بۆ هەردوولا بخەنەڕوو، ئەوەش پەیوەست دەبێت بەوەوە کە ئایا ئیسڕائیل و فەلەستینییەکان ئەو پلانە ڕەت دەکەنەوە کە لەلایەن بەشداربووانی کۆنفرانسەکەوە پەسەند دەکرێت یاخود نا.

یەکێتی ئەوروپا یەکێکە لەو لایەنانەی کە یارمەتییەکی ئابووری گەورەی فەلەستینییەکانی داوە و هاریکارییەکی بەرفراوانیشی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە، بە بازرگانی ئازادیشەوە. هەندێک لە بەرپرسان بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەیان بەوە داوە دەکرێت ئەو بازرگانی ئازادە لەگەڵ ئیسڕائیلدا وەکو کارتێکی فشار بۆ سەر ئیسڕائیل بەکاربهێندرێت تاوەکو کاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتە هەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک وتی " هەموو ئەوانەی کە دەڵێن نایانەوێت گوێیان لە چارەسەری لەو شێوەیە بێت، ئاماژەیان بە هیچ بەدیلێک نەداوە بۆ ئەو چارەسەرە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG