Accessibility links

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا گومانلێکراوەکەی هەوڵی کوشتنی ترامپ ئاشکرا دەکات


دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە وتی ماثیو کرووکسی تەمەن 20 ساڵ " ئەو کەسە بووە کە گومانبارە بە هەوڵی کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ.

دەزگاکە وتی کرووکس خەڵکی بێثێل پارکە لە پێنسیلڤانیا، کە تەنها یەک کاتژمێر دوورە لەو شوێنەوە کە ترامپ گردبوونەوە سیاسییەکەی تێدا ئەنجامدا و تەقەی لێکرا، ترامپ لە ماوەی وتارەکەیدا تەقەی لێکرا و گوێی بریندار بوو.

دەزگاکە لە بەیاننامەکەیدا هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا سەبارەت بە کرووکس، کە شایەتحاڵان دەڵێن بە چەکێک لە سەر سەربانێکی ئەو نزیکانەی دەرەوەی گردبوونەوەکە تەقەی کردووە و لەلایەن بەرپرسانی پۆلیسەوە کوژراوە.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی وتی " لێکۆڵینەوەیەکی چالاک و بەردەوام " هەیە لەسەر ڕووداوەکە، ئاماژەی بەوەدا هەر کەسێک زانیاری هەیە دەبێت دەستبەجێ پەیوەندی بە بەرپرسانەوە بکات.

لە تەقەکردنەکەدا لانیکەم کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکە بە سەختی بریندار بوو.

بریکاری تایبەتی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی کێڤن ڕۆجێک پێشتر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " جێی سەرسوڕمانە " کە گومانلێکراوەکە چوار بۆ پێنج فیشەکی تەقاندووە پێش ئەوەی تەقەی لێبکرێت و بکوژرێت.

وتی " لە ئێستادا پاڵنەرێکمان نەدۆزیوەتەوە بۆ ئەو تەقەکردنە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لێکۆڵەرەوەکانمان ماندوونەناسانە کاردەکەن بۆ ئەوەی بزانن پاڵنەرەکە چی بووە." وتیشی ڕەنگە لێکۆڵینەوەکان چەندین مانگ بخایەنن.

ترامپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وتی " باشم "، ئەوەش دوای ئەوەی فیشەکێک بەر بەشی سەرەوەی گوێی ڕاستی کەوت. دواتر ترامپ لە نەخۆشخانە هاتووەتە دەرەوە.

ترامپ وتی " جێی سەرسوڕمانە کە کارێکی لەم شێوەیە دەکرێت لە وڵاتەکەماندا ڕووبدات."

ڕووداوەکە بووە هۆی ئەوەی سەرۆک جۆو بایدن و جێگری سەرۆک کامالا هاریس و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما بەیاننامەی توندی سەرکۆنەکردنی توندوتیژی سیاسیی دەربکەن.

کۆشکی سپی وتی بایدن لەگەڵ ترامپدا قسەی کردووە، بەڵام دەستبەجێ وردەکاری نەداوە لەسەر گفتوگۆکەیان. بەڕێوبەرایەتییەکەش وتی بایدن دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، ئەوەش لە جیاتی ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە دیلاوێر وەکو چۆن پلانی بۆ داندرابوو.

ماوەیەکی کورت دوای ڕووداوەکە بایدن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی " نزا بۆ خۆی و خێزانەکەی و هەموو ئەوانە دەکەم کە لە گردبوونەوەکەدا بوون. ئەم جۆرە توندوتیژییە جێگەی نابێتەوە لە ئەمەریکادا."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس وتی " دەبێت هەموومان سەرکۆنەی ئەم کارە قێزەونە بکەین و لەلای خۆمانەوە کاربکەین بۆ دڵنیا بوونەوە لەوەی ئەمە نەبێتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی زیاتر."

چەند خولەکێک دواتر، بایدن قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد.

وتی " ئەم جۆرە توندوتیژییە هیچ جێگەیەکی نابێتەوە لە ئەمەریکادا. قێزەونە. قێزەونە. ئەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بۆچی دەبێت ئەم وڵاتە یەکبخەینەوە. ناتوانین ڕێگە بەمە بدەین ڕووبدات. نابێت بەم شێوەیە بین. ناتوانین چاوپۆشی لەمە بکەین."

هەروەها هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بایدن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هەموو پەیوەندییە دەرەکییەکان دەوەستێنین و کاردەکەین بۆ ئەوەی بە خێرایی ڕیکلامە تەلەفزیۆنییەکانمان لاببەین."

سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباماش باسی لە هەمان نیگەرانییەکانی بایدن کرد و وتی " بە دڵنیاییەوە توندوتیژی سیاسیی هیچ جێگەیەکی لە دیموکراسییەکەمان نابێتەوە. سەرەڕای ئەوەی هێشتا نازانین بە تەواوەتی چی ڕوویداوە، دەبێت هەموومان خۆشحاڵ بین بەوەی کە سەرۆکی پێشوو ترامپ بە سەختی بریندار نەبووە و ئەم ساتە بەکاربهێنین بۆ دووبارە جەختکردنەوە لە پابەندبوونمان بە شارستانی و ڕێزگرتن لە سیاسەتەکەمان. خۆم و میشێل هیوای چاکبوونەوەیەکی خێرای بۆ دەخوازین."

ڕۆژی شەممە کۆمیتەی نیشتیمانی کۆمارییەکان لە ئێکس بڵاویکردەوە ترامپ هێشتا بە نیازە ئامادەی کۆنگرەی پارتەکە بێت کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە میڵواکی بەڕێوەبچێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG