Accessibility links

بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا ' لە یەک کاتدا ' ڕووبەڕووی چەندین مەترسی بووەتەوە


بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ( FBI ) کریستۆفەر ڕەی
بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ( FBI ) کریستۆفەر ڕەی

بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ( FBI ) کریستۆفەر ڕەی لە چاوپێککەوتنێکدا دەڵێت وڵاتەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر بووەتەوە لە چەندین گۆشەوە لە کاتێکدا کە دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا کۆشش دەکەن، وتیشی " لە ماوەی ژیانی کارکردنمدا نەمبینیوە وەکو ئێستا ئەم هەموو مەترسییە جیاوازە لە یەک کاتدا هەبن."

ڕەی ڕۆژی چوارشەممە چاوپێککەوتنی لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسدا کرد، لێدوانەکانی ڕەی لە کاتێکدایە کە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ ڕووبەڕووی زیادبوونی نیگەرانییەکان بووەتەوە سەبارەت بە تیرۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش، هەروەها سیخوڕی چین و دزینی موڵکی فیکری و دەستوەردانی بیانی لە هەڵبژاردنەکاندا.

ڕەی وتی " نیگەرانم سەبارەت بە چەندین مەترسی کە سەرجەمییان لە یەک کاتدا زیادییان کردووە، هاوکات ئاستەنگییەکانی بەردەم ژن و پیاوانی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بە گشتی. یەک شت کە پێم وایە یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو دوو ئاستەنگییەدا هاوبەشییە. بەوشێوەیە تێیدەپەڕێنین. بەوەی کە هەموومان پێکەوە کاربکەین."

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ ئەرکی مامەڵەکردنی لەگەڵ نیگەرانییە ئاسایشییەکانی پەیوەست بە سنووری باشووری ئەمەریکاشی پێدراوە، بەرپرسان لە مانگی شەشدا وتییان هەشت کەس کە لە تاجیکستانەوە هاتبوون و گومانی ئەوەیان لێکراوە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت دەستگیرکراون و بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی کۆچ دەستبەسەرکراون.

بەرپرسان لە هەمان کاتدا مامەڵە لەگەڵ دەستوەردانی بیانیدا دەکەن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا. دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ و دەزگا فیدڕاڵییەکانی دیکە ڕۆژی دووشەممە ڕایانگەیاند کە ئێران بەرپرس بووە لە هێرشێکی ئەلیکترۆنیدا بۆ سەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی دانۆڵد ترامپ و هەوڵدان بۆ هاککردنی هەڵمەتەکەی بایدن و هێرس، بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییانە لە چوارچێوەی هەوڵێکی ئاشکرا و دوژمنکارانەدان بۆ دەستوەردان لە سیاسەتی ئەمەریکادا.

ڕەی ڕەتیکردەوە باس لە وردەکارییەکانی لێکۆڵینەوەکان یان هەڕەشەکان بکات، بەڵام وتی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بە هێرشەکانی سەر ژێرخانی هەڵبژاردنەکان و بەربژێر یاخود هەڵمەتەکانیشەوە، پێویستی بە یارمەتییە لە کەرتی تایبەتەوە.

ڕەی وتی " یەکێک لەو شتانەی کە هەموو ڕۆژێک هەوڵی بۆ دەدەین هاوبەشییە، چونکە دواجار تۆ باس لە توانای بەستنەوەی خاڵەکان دەکەیت پێکەوە، ئیتر ئەوە مامەڵەکردن بێت لەگەڵ هەڕەشەی دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا یان هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دیکە، پێویستت بە هاوبەشەکانە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان پێکەوە بۆ ئەوەی بتوانین پارچەکە بدۆزیتەوە و وێنە گەورەکە ببینیت."

ڕەی وتیشی لە هەر پێنج ڕۆژێکدا ئەفسەرێکی جێبەجێکردنی یاسا لە ماوەی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا دەکوژرێت. ئاماژەشی بەوەدا تەنها لە مینیسۆتا لە ساڵی 2024 دا چوار ئەفسەر کوژراون. وتی " ئەو جۆرە توندوتیژییە هەر جارێک کە ڕوودەدات دڵم دەشکێنێت."

ڕەی وتی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ هەوڵیداوە هاوبەشییە نەریتیەکەی لەگەڵ پۆلیسی ویلایەتەکاندا پتەوتر بکات، هاوکات هاوبەشی دیکە دروست بکات لەگەڵ کارەکان و ئەکادیمیاکاندا بۆ یارمەتیدان لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی هێرشی ئەلیکترۆنی یاخود هەوڵەکان بۆ دزینی موڵکی فیکری.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG