Accessibility links

ئاگرێک لە بەندینخانەی ئێڤین لە تاران کەوتۆتەوە و دەنگی تەقەش بیستراوە


ئاگرێک لە بەندینخانەی ئیڤینی تاران کەوتەوە کە زۆرێک لە زیندانییە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی تێدا بەند کراوە کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە، شایەتحاڵانیش دەڵێن گوێیان لە دەنگی تەقە بووە.

دەزگای هەواڵی ئێرنای ئێران وتی هەشت کەس لە خۆپیشاندانەکاندا بریندار بوون.

دەزگایەکی دادی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وتی " دوای شەڕێکی نێوان کۆمەڵێک لەو بەندکراوانەی کە بە تۆمەتی دزی و تاوانی داراییەوە زیندانی کراون " وۆرک شۆپێکی بەندینخانەکە سوتێندراوە ". بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی تاران بە دەزگای هەواڵی سەر بە دەوڵەتی وت لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکرێت.

بەندینخانەکە کە دەکەوێتە لێواری باکووری تارانی پایتەختەوە، تاوانکاران و زیندانییە سیاسییەکانیشی تێدایە.
شایەتحاڵێک کە پەیوەندی بە ڕۆیتەرزەوە کردووە وتی " ئەو شەقامانەی دەچنەوە سەر بەندینخانەی ئێڤین داخراون. ژمارەیەکی زۆر لە ئوتومبێلەکانی فریاکەوتنی خێرا لێرەن."
شایەتحاڵێکی دیکە وتی خێزانی بەندکراوەکان لەبەردەم دەروازەی سەرەکی بەندینخانەکەدا کۆبوونەتەوە. وتیشی " دوکەڵ و ئاگر دەبینم. ژمارەیەکی زۆر لە هێزە تایبەتییەکان دەبینم."

بەرپرسێکی ئاسایش وتی ئارامی گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندینخانەکە، بەڵام شایەتحاڵی یەکەم وتی زەنگی ئوتومبێلەکانی فریاکەوتنی خێرا دەبیستین و هێشتا دوکەڵ بەسەر بەندینخانەکەدا بەرز دەبێتەوە.
شایەتحاڵەکە وتی " خەڵکی بیناکانی ئەو نزیکانە لە پەنجەرەکانیانەوە هاوار دەکەن ' مەرگ بۆ خامنەئی '."
زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە بەندینخانەکەدا بەندکراون ڕووبەڕووی تۆمەتی ئاسایش بوونەتەوە، لەوانەش ئەو ئێرانییانەی کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە. لە مێژە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ڕۆژئاواوە ڕەخنەی لێدەگیرێت و لە ساڵی 2018 دا لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە خرایە لیستی ڕەشەوە، هۆکارەکەشی " پێشێلکردنی مەترسیداری مافەکانی مرۆڤ " بوو.

سیامەک نەمازی کە ئێرانییەکی ئەمەریکییە و نزیکەی حەوت ساڵە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەندکراوە، ڕۆژی چوارشەممە گەڕێندرایەوە بۆ ئێڤین، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت پشوویەکی پێدرا.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەرپرسانی بەندینخانەکەی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بەکارهێنانی هەڕەشەی ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنیان بۆ ماوەیەکی دیارینەکراو، هەروەها لێپێچینەوەی دوورودرێژ و پێنەدانی چارەسەری تەندروستی بە دەستبەسەر کراوەکان.
بەرپرسێکی ئێرانی بە دەزگای هەواڵی تەسنیمی وت " هیچ زیندانییەکی سیاسیی دەستی نەبووە لە پێکدادانەکانی ئەمڕۆی نێوان بەندکراوەکاندا، شوێنی زیندانییە سیاسییەکان جیا کراوەتەوە و دوورە لە شوێنی دزەکان و ئەو کەسانەوە کە بەهۆی تاوانی داراییەوە زیندانی کراون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG