دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە کۆتوبەندەکان لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێران لابراون دوای ئەوەی بڕیاردراوە کە دۆخەکە پارێزراوە، بەمەش ماوەی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان کە پێشتر لەلایەن ڕێکخراوی فڕۆکەوانی سڤیلی ئێرانەوە ڕاگەیەندرابوو کورت کرایەوە.
پێشتر وتەبێژێکی ڕێکخراوەکە وتی گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی ئێران هەڵدەوەشێندرێنەوە لە کاتژمێر 9 ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە هەتاوەکو کاتژمێر 6 ی بەیانی ڕۆژی دووشەممە.
دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران شەش کاتژمێر پێش کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیە وتی " دوای دڵنیابوونەوە لە پارێزراویی دۆخی گەشتە ئاسمانیەکان لەلایەن ڕێکخراوی فڕۆکەوانی سڤیلەوە، سەرجەم کۆتوبەندە ڕاگەیەندراوەکان لادەبرێن و هێڵە ئاسمانییەکان ڕێگەیان دەدرێت گەشتە ئاسمانییەکانییان ئەنجام بدەن."
پێشتر دەزگاکە لە زاری وتەبێژەکەیەوە بڵاویکردەوە گەشتەکان بەهۆی کۆتوبەندەکان لەسەر کارکردن هەڵوەشێندراونەتەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدابوو.
بە هەمان شێوە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئێران کۆتوبەندی خستەسەر گەشتە ئاسمانییەکان، کاتێک کە هێرشێکی موشەکی کردە سەر ئیسڕائیل، هێرشێک کە ئیسڕائیل بەڵێنیداوە وەڵامی بداتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز